سێ تریلیۆن دینار بۆ بودجەی بەرگری و ئاسایش زیاد دەکرێت و 80٪ــی بۆ مووچەیە
رووداو دیجیتاڵ
بودجەی ئاسایش و بەرگریی عێراق بۆ ئەم ساڵ زیاتر لە 33 تریلیۆن دینار دەبێت کە زیاتر لە سێ تریلیۆن دیناری لە پار زیاترە. خەرجییەکانی 15.67٪ـی کۆی خەرجییەکانی عێراق پێکدەهێنێت و 80٪ـیشی بۆ مووچە دەڕوات.
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، خەرجییەکانی بەرگری و ئاسایش زیاتر لە 33 تریلیۆن و 218 ملیار دینار دەبێت، 15.67٪ـی خەرجییەکانی ساڵی 2024 پێکدەهێنێت.
لە بودجەی ئاسایش و بەرگریی عێراق لە ساڵی 2023دا 30 تریلیۆن و 27 ملیار دینار بوو، واتە 15.6٪ـی کۆی خەرجییەکان بوو. ئەم ساڵ لە 33 تریلیۆن و 218 ملیار، 26 تریلیۆن و 802 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخانکراوە، واتە 80.6٪ـ هەروەها 6 تریلیۆن و 416 ملیار دیناریشی بۆ خەرجیی دیکەیە.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو بودجەیەی بۆ ئاسایش و بەرگری زۆرە، چونکە زۆربەی تەرخانکراوەکان بۆ مووچەیە، ئەگەر نا عێراق لە رووی چەکی نوێ و کڕینی تەکنەلۆژیای نوێی سەربازییەوە زۆر لاوازە."
ژمارەی فەرمانبەرانی ئەو دەزگایانەی لە بەشی ئاسایش و بەرگریدان یەک ملیۆن و 429 هەزار کەسن لە کۆی چوار ملیۆن و 79 هەزار فەرمانبەر. بەپێی ژمارەکانی نێو خشتەی خەرجییەکانی بودجە کە حکومەت ناردوویەتی بودجەی ئاسایش و بەرگری بەمشێوەیەیە:
-کۆی گشتی:
33 تریلیۆن و 218 ملیار و697 ملیۆن دینار
- ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی:
463 ملیار و 969 ملیۆن دینار
- دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی:
395 ملیار و 299 ملیۆن دینار
- وەزارەتی بەرگری:
8 تریلیۆن و 633 ملیار دینار
- کڕینی چەک بۆ بەرگری:
3 تریلیۆن و 19 ملیار و 500 ملیۆن دینار
- وەزارەتی ناوخۆ:
14 تریلیۆن و 35 ملیار و 373 ملیۆن دینار
-کڕینی چەک بۆ ناوخۆ:
859 ملیار دینار
- حەشدی شەعبی:
4 تریلیۆن و 310 ملیار
- کڕینی چەک بۆ حەشدی شەعبی:
246 ملیار و 500 ملیۆن دینار
- تەرخانکراوەکان بۆ فیرقەی تایبەت:
8 ملیار و 940 ملیۆن دینار
- دەزگای بەرنگاربوونەوەی تیرۆر:
914 ملیار و 393 ملیۆن دینار
- دەزگای دەروازە سنوورییەکان:
59 ملیار و 152 ملیۆن دینار
- دەستەی پیشەسازیی جەنگی:
272 ملیار و 819 ملیۆن دینار
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 19-05-2024 لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دا، خشتەکانی بودجەی 2024ـی پەسند کرد و رۆژی سێشەممە 22-05-2024 خشتەکە گەیشتە پەرلەمانى عێراق.
کۆی گشتیی بودجەی عێراق 211 تریلیۆن و 861 ملیار و 312 ملیۆن و 504 هەزار دینارە. کۆی گشتیی داهاتی عێراق 147 تریلیۆن و 836 ملیار و 655 ملیۆن و 889 دینارە.