عێراق کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە دۆلار قەدەخە دەکات

24-05-2023
ئەنمار غازی
پێشانگەیەکی کڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێل لە بەغدا
پێشانگەیەکی کڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێل لە بەغدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مامەڵەکردن لە پێشانگەکانى کڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێل لە بەغدا کزبووە، دواى ئەوەى بەرپرسانى ئەمنى ناچاریان کردن لە برى دۆلار مامەڵە بە دینارى عێراقییەوە بکەن لە کڕین و فرۆشتنەکانیاندا. 
 
حاجى فازڵ، ماوەى 30 ساڵە لە پێشانگەی ئۆتۆمبێل کار دەکات، ئەو باس لە کزبوونى بازاڕیان دەکات لە دواى بڕیارەکە، سەرەڕاى دروستکردنى بەربەست لەبەردەم خاوەنى پێشانگەکانى ئۆتۆمبێل.
 
فازڵ جەنابی دەڵێت: "دۆخى بازاڕ خۆى هەر لەبنەڕەتدا کزبوو، ئەم بڕیارەش ئەوەندەى دیکەى کرد و زیاتر خراپ بوو، جوڵەى تێدا نەماوە، بڕیارەکە کاریگەرى لەسەر کڕیار و ئێمەش هەبووە، بەڵام زۆربەى زیانەکەى بۆ ئێمەیە و هۆکارکەى ئەوەیە کە ئێمە ئۆتۆمبێل لە دەرەوە بە دۆلار هاوردە دەکەین کە ناکرێت مامەڵە بە دینار بکرێت، لەم دۆخەدا چۆن مامەڵە بکەین؟"
 
خەزعەل مەگسوس، خاوەنى پێشانگەیەکی دیکەی ئۆتۆمبێلە لە بەغدا و گوتی: "قەدەخەیە ئۆتۆمبێلەکەم بە دۆلار بفرۆشم، ئەگەر سەرپێچى بکەم لەلایەن ئاسایشى نیشتمانییەوە دەستگیر دەکرێم، کڕیار لەسەر شەقام ئەو دۆلارەى پێیەتى لە نووسینگەکانى ئاڵوگۆڕى دراو دەیگۆڕێتەوە کە مامەڵە بە نرخى فەرمى بانکى ناوەندى ناکەن کە 1320 دینارە بۆ هەر دۆلارێک، بەڵکو بە 1470 دینار مامەڵەى پێوە دەکەن، بۆچى لێپێچینەوە لەگەڵ ئەواندا ناکەن؟"
 
بەڕێوەبەرایەتیی تاوانى رێکخراوى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە چەند شارێکى جیاواز هەڵمەتێکى لە ژێر ناونیشانى"دینار پرسى نیشتمانە" کرد و بەڵێننامەى دەستنووس بە بازرگانان پڕکرایەوە بۆ ئەوەى تەنیا مامەڵە بە دینارى عێراقییەوە بکەن و هەر کەسێکیش سەرپێچى بکات چارەنووسى بەندکردن یان داخستنى پێشانگە و کۆمپانیاکەى دەبێت.
 
عەقید حوسێن عەلى، بەڕێوەبەرى ئۆپەراسیۆنەکانى بەڕێوەبەرایەتیى بنبڕکردنى تاوانى رێکخراو بە رووداوی گوت: "ئەم هەڵمەتە بە ویستى خوا تاوەکو هەفتەى داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئەو هەڵمەتە لە هەفتەى رابردوودا بەشێوەیەکى چڕ، 75%ى پێشانگەکانى ئۆتۆمبێلى لە بەغدا و پارێزگاکانى دیکە گرتەوە، بەڵێننامەی بە 2685 ناوەندى بازرگانی و پێشانگەى ئۆتۆمبێل و یەکەکانى نیشتەجێبوون لە بەغدا و پارێزگانى دیکە پڕکردەوە." 
 
حکومەت دەیەوێت دینارى عێراق بەرامبەر بە دۆلار بەهێز بکات، ئەویش لە رێگەى زیادکرنى مەوداى بەکارهێنانە بازرگانییەکانى، ئەوە جگە لە رێگرى لە بەقاچاخبردنى بۆ دەرەوە یان هەڵگرتنى یان یاریکردن بە نرخەکان.
 
سەرەڕاى بڕیارەکانى حکومەتى عێراق کە تایبەتن بە پارێزگاریکردن لە بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار، ئەنجامى ئەوتۆى نەبووە، هێشتا نرخى دۆلار لە بازاڕە نێوخۆییەکان 1460 دینارە بەرامبەر بە یەک دۆلار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سوودانى: مەترسییەکانمان لەسەر عێراق دوورخستنەوە

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەى توانیویەتى مەترسییەکان لەسەر عێراق دوور بخاتەوە و داواى لە فەرماندە سەربازییەکانى نەینەوا کرد، جگە لە پیشەیی بوون مامەڵە بەهیچ پێوەرێکى دیکە نەکەن لە دابەشکردنى بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندا.