بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد بە مووشەک کرایە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق کە هێزەکانی سوپای ئەمریکا تێیدا جێگیرکراون ئەمڕۆ بە مووشەک کرایە ئامانج. مووشەکەکەش یەک دانە بووە و لە جۆری کاتیۆشا بووە.
هاوکات عەقید واین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد ئەمڕۆ بە مووشەک بۆردوومان کرا، بەڵام هیچ زیانێکی مرۆیی لێنەکەوتەوە و هەوڵی دیاریکردنی زیانەکانی دیکەش دەکرێت، هەروەها لێکۆڵینەوە بەردەوامە."
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئەمنی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دوو مووشەک لەو ناوچەیەی پارێزگای ئەنبار کەوتنەخوارەوە کە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەدی تێدایە و هێزەکانی ئەمریکا تێیدا جێگیرکراون، بەڵام تائێستا زیانەکانی کەوتنەخوارەوەی ئەو دوو مووشەکە نەزانراون."
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندەین جار بنکەی عەین ئەسەد و بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کرانە ئامانج و زیانیان لێکەوتەوە، لە دوا پێشهاتیشدا کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمریکی کە لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد فڕۆکەکانی ئێف 16ی چاکدەکردەوە و نۆژەنی دەکردەوە هەموو کارمەندانی خۆی لە بنکەکە کشاندەوە، ئاشکراشی کرد ئەو هەنگاوەمان بۆ پاراستنی سەلامەتی کارمەندانمانە.
بەردەوامی ئەو هێرشانە بۆ سەر بنکە سەربازییەکان کە هێزەکان یان بەڵێندەر و کارمەندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیان تێدایە، هاوکاتە لەگەڵ تۆمەتبارکردنی یەکینەکانی حیزبوڵڵای عێراقی و چەند گرووپێکی چەکداری دیکەی شیعە و نزیک لە ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە.
بەپێی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن؛ ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا ئێستا لە عێراق 2500 سەربازە.