پەرلەمانی عێراق لەسەر نرخی دینار و دۆلار بانگهێشتی وەزیری دارایی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق رایگەیاند رۆژی دووشەممە 31ی ئەم مانگە وادەی پرساندنی عەلی عەللاوییە، وەزیری دارایی عێراق.
لە نووسراوێکی فەرمیدا کە لە رۆژی 23ی ئەم مانگە دەرچووە و رەوانەی نووسینگەی وەزیری دارایی عێراق کراوە، هاوکات واژۆی سیروان سیرینی، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەتی لەسەرە، هاتووە: "سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا رۆژی دووشەممە 31ی ئایاری 2021 وادەی پرساندنی وەزیری دارایی بێت لە کۆبوونەوەی پەرلەمان".
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند : "پرساندنی وەزیری دارایی لەبارەی قەبارەی گەورەی پرۆژەی بودجەی 2021 و بەرزکردنەوەی نرخی فرۆشتنی دۆلار دەبێت بەرامبەر دینار، چونکە عەلی عەللاوی لەلایەن فراکسیۆنەکان تۆمەتبار دەکرێت بەوەی گوشاری خستووەتە سەر بانکی ناوەندی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی فرۆشتنی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی".
بانکی ناوەندیی عێراق، لە 19ی کانوونی یەکەمی 2020دا بڕیاری دا، نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات.
د. جەمال کۆچەر، ئاشکرای کرد جگە لە پرساندنی وەزیری دارایی عێراق، بڕیارە لە داهاتوودا وەزیرانی کارەبا، پلاندانان، خوێندنی باڵا و پیشەسازی پرساندنیان لەگەڵ بکرێت، چونکە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشتر، رایگەیاند پاش پەسەندکردنی یاسای بودجە و جەژنی رەمەزان دەست بە پرساندنی چەند وەزیرێک دەکەن.
لەکۆتایی ساڵی 2020ەوە هەوڵی پرساندنی وەزیری دارایی عێراق بەردەوامە، بەڵام لەو کاتەوە تائێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەو پرساندنەی دواخستووە بە بیانووی هاوکاتبوونی لەگەڵ هەوڵی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 و دانوستاندنی وەزیری دارایی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی.
پەرلەمانی عێراق لە 31ی ئاداری 2021 دا پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021ی پەسەند کرد، کە قەبارەکەی بە زیاتر لە 129 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە، پێشبینیش دەکرێت زیاتر لە 28 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبێت.