حکومەتی عێراق بۆ رووداو: چەند رۆژێکی دیکە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

 
رووداو - بەغدا

بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی 75 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک و نەوتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق رۆژانە 37 ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت. گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، دوای پشووی جەژن "موژدەمان بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھەیە."
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، "ئەمانە کاری تەکنیکین، چونکە ئێمە باس لە رێککەوتنێک دەکەین کە لەنێوان حکومەتێکی فیدراڵی و دەوڵەتێکە، ئەگەر ئەمە لەنێوان دوو دەوڵەتدا بووایە رەنگە زیاتر لە شەش مانگی بویستبایە بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام ئێمە باس لە چەند رۆژێک دەکەین و ھەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکاتەوە."
 
وەکو گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بۆ دەکات، "ھەموو زانیارییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، رێکارەکانی تەکنیکی ھەیە سەرقاڵی ئەوەین چارەسەری بکەین لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەویش بۆ ئەوەیە بە زووترین کات بگەینە دەرئەنجامێک، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە باس لە چەند رۆژێکی کەم دەکەین، وای دەبینم لەدوای جەژن ھەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکاتەوە."
 
رێککەوتنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، دڵخۆشیی بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراقی لێکەوتەوە و دەڵێن، بەمنزیکانە ھەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکاتەوە.
 
محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری عەسایب ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم رێککەوتنەی کراوە پێویستی بە کۆمەڵێک رێکاری تەکنیکی ھەیە و ھەروەھا پێویستمان بە گفتوگۆش ھەیە لەگەڵ حکومەتی تورکیا بۆ دووبارە ناردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، دەربارەی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان پارێزراوە لە بودجە و ئەمە بە نووسراوی فەرمی و روون باس لە شایستەکان دەکات."
 
لەمەودوا فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو لیژنەیەوە دەبێت کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پێکهێندراوە، کاری ئەو لیژنەیەش تاوەکو ئەو کاتە دەبێت کە حکومەتی عێراق پڕۆژەیاسای نەوت و گاز دەنێرێتە پەرلەمان و پەسند دەکرێت.
 
لە ئەنجامی وەستانی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق ملیۆنان دۆلار زیانی بەرکەوتووە، بۆیە ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش پەلەیانە لەوەی جارێکی دیکە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە. گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەو ھەناردەکردنەوەیە دەستپێدەکاتەوە.