چوار سکاڵا لە دادگەى فیدراڵى لەدژى دانیشتنێکى پەرلەمانى عێراق تۆمار دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

چوار سکاڵا لە داگەى باڵاى فیدراڵى لەدژى دانیشتنێکى پەرلەمانى عێراق تۆمار دەکرێن، کە تێیدا دەنگ بە هەموارى یاسای هەڵبژاردنەکان درا، یەکێک لە سکاڵاکاران دەڵێت "تانەمان لەو رێوشوێنانە داوە، کە گیراونەتەبەر بەتایبەت بانگکردنى هێزى سەربازى بۆ نێو هۆڵى پەرلەمان".
 
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، 15ـی ئایارى 2023، دادگەکە چوار سکاڵا تاوتوێ دەکات کە لەلایەن چوار پەرلەمانتارەوە پێشکێش کراوان و داوا دەکەن ئەنجامی دانیشتنى ژمارە 15ـی پەرلەمانى عێراق هەڵبووەشێندرێتەوە. 
 
سکاڵاکارەکان پێکدێن لە: محەممەد جاسم محەممەد، ئەندامى لیژنەى یاسایی، عەلا روکابی، سەرۆکى فراکسیۆنى ئیمتیداد، نیسان عەبدولڕەزا، ئەندامى هەمان فراکسیۆن، لەگەڵ ئەمیر مەعموورى، ئەندامى سەربەخۆى پەرلەمانى عێراق.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە لە 27ـی ئاداری 2023 کرا، هەردوو یاسای هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و پەرلەمانى عێراق کران بە یەک یاسا، بازنەکانى هەڵبژاردن کرانە 18 بازنە و پشت بە سیستمى سانت لیگۆ بەسترا بۆ هەژمارکردنى دەنگ و دیاریکردنى براوەى هەڵبژاردنەکان، کە جێگەى ناڕەزایی پەرلەمانتارانى سەربەخۆ بوو.
 
رۆژی 23ـی نیسانى 2023 محەممەد جاسم محەممەد، ئەندامى فراکسیۆنى ئیشراقەى کانوون کە یەکێکە لە سکاڵاکاران بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند؛ سکاڵاکان لەدژى رێوشوێنەکانى بەر لە دەستپێکردنى کۆبوونەوەکە و کاتى دەنگدان بوون، کە هێزى سەربازى هێنراوەتە نێو هۆڵى پەرلەمان بۆ دەرکردنى پەرلەمانتاران، ئەوە جگە لە تێکچوونى دۆخى کۆبوونەوەکە کە دەبوو سەرۆکى پەرلەمان کۆبوونەوەکەى رابگرتایە.
 
کۆبوونەوەکەى پەرلەمان بەهۆى ناڕەزایی بەشێکی پەرلەمانتارانى سەربەخۆ، پشێوى تێکەوت و بەهۆیەوە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان بڕیاری دا هێزى سەربازى پاسەوانى پەرلەمان بانگ بکاتە کۆبوونەوەکە بۆ کۆنترۆڵکردنى دۆخەکە. 
 
محەممەد جاسم محەممەد گوتى "ئەگەر کۆبوونەوەکەى پەرلەمان لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە هەڵبوەشێندرێتەوە، پەسندکردنى هەموارى یاساکەش هەڵدەوەشێندرێتەوە".
 
بەگوێرەى هەموارى یاساکە؛ بڕیارە لە 6ـی تشرینى دووەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا یاساکە لە رۆژنامەى وەقائعی عێراق بڵاونەکراوەتەوە تاوەکو بەتەواوى بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.