رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ناوی سەرۆک و جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی نوێی دادگەی باڵای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ناوی دادوەر کوردەکان دیار نییە.
بەپێی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەو دادوەرانەی راسپێردراون بۆ بوون بە سەرۆک، جێگری سەرۆک و ئەندامانی دادگەی باڵای فیدراڵی پێکهاتوون لە:
جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەریی بۆ پۆستی سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی
سەمیر عەباس، سەرۆکی دادگەی تاوانی ئەنبار، جێگری سەرۆکی دادگە
غالب عامر، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی واست دەبێتە ئەندام
حەیدەر جابر، سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی نەجەف دەبێتە ئەندام.
ئەیوب عەباس، ئەندامی دادگەی پێداچوونەوە دەبێتە ئەندام
حەیدەر عەلی نووری، سەرپەرشتیاریی دادوەری دەبێتە ئەندام
خەلەف ئەحمەد، ئەندامی دەستەی تێهەڵچوونەوە لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی سەلاحەددین دەبێتە ئەندام.
هەروەها وەک لە راگەیێندراوکەدا هاتووە، ئەندامە یەدەگەکانی دادگەکە بریتین لە:
خالد تەها، سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ
عادل عەبدولرەزاق، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەسرە
مونز ئیبراهیم، ئەندامی دادگەی پێداچوونەوە
دوو نوێنەرەکەی هەرێمی کوردستان دیاریی نەکراون، یەکێک لە یەدەگەکانیش دیاریی نەکراوە کە پشکی هەرێمی کوردستانە.
پێشتر لە دادگەکەدا تورکمانێک و کریستیانێک ئەندامبوون، بەڵام ئێستا نوێنەرانی ئەو دوو پێکهاتەیە ئەندامی سەرەکی دادگەکە نین. بەهار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دادگەی باڵای فیدراڵی بە کۆدەنگی کۆدەبێتەوە، بڕیارەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بە دوو لەسەر سێ دەبن، کە دەکاتە شەش لەسەر نۆ و بڕیارەکانی دیکەش بە زۆرینەی سادە دەبن".
بەهار مەحموود، کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕانە ئاماژەی بەوەکرد، "لە یاساکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە لە رۆژی دەنگدانەوە راستەوخۆ یاساکە دەکەوێتەبواری جێبەجێکردنەوە، واتە چاوەڕێی ئەوە ناکرێت سەرۆککۆمار پەسندی بکات و لە رۆژنامەی وەقایەعی عێراقی بڵاوببێتەوە". هاوکات گوتیشی، "پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستانیان دانابوو بۆ دیاریکردنی دادوەرە کوردەکان، بەڵام لەکاتی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بۆ پەسندکردنی هەموارکردنەکە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان لابرا ؛ بۆیە ئێستا میکانیزمی دیاریکردنی دادوەرە کوردەکانیش بەڕوونی دیار نییە".
پەرلەمانى عێراق لە 18ـى ئاداری 2021 دا، پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی عێراقی پەسندکرد، بەوەش دادگاکە جارێکى دیکە دەست بەکارەکانى دەکاتەوە، کە لە ناوەڕاستى ساڵی 2019 وە بەهۆى نەمانی دوو لە ئەندامانی پەکیکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ