وەزارەتی بەرگریی عێراق: لە سلێمانی سێ داواکراو بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایش سێ داواکراوی بە تۆمەتی تیرۆر لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەهۆی هەماهەنگی ئاست باڵا لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی فیدراڵ و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، هێزێکی هاوبەشی هەردوولا سێ داواکراوی دەستگیرکرد، کە بەپێی ماددەی 4ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە لایەن دادگاوە داواکراون".
 
وەزارەتی بەرگریی عێراق راشیگەیاند: "سێ داواکراوەکە لە پارێزگای سلێمانی بوون، چونکە وایاندەزانی لەوێ دووردەبن لە چاو هێزە ئەمنییەکان، بەڵام هەماهەنگی هاوبەش بووە هۆی دەستگیرکردنیان و رادەستکردنیان بە دادگا بۆ ئەوەی سزای خۆیان وەربگرن".
 
هەر سەبارەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتباران لە هەرێمی کوردستان، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە هەژماری خۆیدا لە توویتەر رایگەیاند: "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گرتنی پاشماوەی چەتە تیرۆریستەکانی داعش، بۆیە چەند ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو ئەنجامدران، کە یەکێکیان لە هەرێمی کوردستان بوو، تێیدا فەوجی سلێمانی توانی دوو ئامانج لە کاتی ئەنجامدانی تاوان لە هەڵەبجە بپێکێت".