رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی راژەی گشتیی فیدراڵیی عێراق، هەفتەی داهاتوو دەست دەکات بە دابەشکردنی 5903 تازە دامەزراو بەسەر وەزارەتەکاندا، کە پێکهاتوون لە یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان. بەشێک لەو دامەزراوانە لە ناوچەکانی ماددەی 140ن.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی راژەی گشتیی فیدراڵیی عێراق، کە رۆژی دووشەممە 24-02-2025 بڵاوکراوەتەوە، نووسراوی فەرمی رەزامەندییەکەیان لە ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەیشتووەتە دەستیان.
ئەنجوومەنی راژەی گشتیی فیدراڵی ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو پلە وەزیفیانەی کە دابەش دەکرێن 5903 پلەن و کارمەندانیان دەستیان بە ئامادەکردنی خشتەی دابەشکردن کردووە و لە هەفتەی داهاتووەوە پڕۆسەکە دەستپێدەکات.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەشێک لەو 5903 دامەزراندنە نوێیە، دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان و خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140ن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامارێکی دروستیان لەبەردەستدا نییە، کە لەو ژمارەیە چەندیان کوردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ