رووداو دیجیتاڵ
کاروانێکی دیکەی 165 خێزانی لە کەسوکاری چەکدارانی داعش، لە کامپی هۆلەوە گەڕێندرانەوە عێراق.
ئەمڕۆ (دووشەممە) عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ''ئەو 165 خێزانە لە 605 کەس پێکهاتوون و رۆژی 23ـی ئەم مانگە لە کامپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە عێراق."
بەگوتەی عەلى جەهانگیر، ئەو کەسانە دەبرێنە کامپی جەدعە لە سنووری نەینەوا، دوای شیاندنەوەی کۆمەڵایەتی، دەگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
ئەمە 24ـەمین کاروانی عێراقییەکانە لە کامپی هۆلەوە بگەڕێنرێنەوە، هێشتا زیاتر لە سێ هەزار خێزان ماون.
31ـی کانوونی دووەمی 2025، عەلی جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندبوو، "وەزارەتەکەمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە رێککەوتن لەبارەى چارەسەرى دۆسیەی ئەو عێراقیانەى لە کەمپى هۆلن. بەپێی رێککەوتنەکە، تاوەکو ساڵى 2027 هیچ خێزانێکى عێراقى لەو کەمپە دا نامێنێت و سەرجەمیان دەگەڕێندرێنەوە."
22ـی ئەم مانگە، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەرۆکایەتیی دەکرد، گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی کەمپی هۆل کرا و دۆخی خێزانە عێراقییەکانی ئەو کەمپە تاوتوێ کرا. لە ئاییندەیەکی نزیکدا پرۆسەی گەڕاندنەوەی فراوانی خێزانەکان دەستپێدەکەین."
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، زیاتر لە 20 هەزار عێراقى لە ژن و منداڵانى کەسوکارى چەکدارانى پێشووی داعش لە کامپى هۆلی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان ماون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ