رووداو دیجیتاڵ
لە عێراق و هەرێمی کوردستان، 65%ی خەڵک پشت بە ئاوى ماڵان دەبەستن و 9.8% بە ئاوى کانزایی. کەمترین پشتبەستن بە ئاوى ماڵان لە سنوورى هەرێمى کوردستان لە پارێزگاى سلێمانییە، بەسڕە تەنیا 30%ى ئاوى ماڵان بۆ خواردنەوە بەکار دەبات، بەغدا زیاتر لە 15%ى سەرچاوەى ئاوى خواردنەوەى کانزاییە کە لە ریزبەندی یەکەمدایە.
86.82%ى سەرچاوەى ئاو بۆ بەکارهێنانى ماڵان بریتییە ئاوى بۆریى یەکەکانى نیشتەجێبوون، 13.18%ـەکەى دیکەى لە سەرچاوەکانى دیکەوە دەستبەردەکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ى شوباتى 2025، ئەنجامى بنەڕەتیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان بڵاوکرایەوە.
بە گوێرەى ئەو ئامارە، ئاوى ماڵان 65.67%ى سەرچاوەى ئاوى خواردنەوەیە لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان، 16.91%ى دیکەى ئەو جۆرە ئاوە لە رێگەى ئامێرى پاککەرەوەى ئاوەوە دەستبەردەکرێت، 9.81% پشت بە ئاوى کانزایی دەبەستن.
90.98%ى ئاوى خانووەکانى پارێزگاى هەولێر لە رێگەى بۆرییەوە دابین دەکرێت، دهۆک 90.01% و سلێمانى 82.29%ى پێداویستى ئاوى لە رێگەى ئاوى بۆرى ماڵانەوە دەستبەر دەکرێت.
بۆ دەستبەرکردنى ئاوى خواردنەوە، پارێزگاى سلێمانى 80.74% پشت بە ئاوى ماڵان دەبەستێت، 2.05%ى لەرێگەى ئامێرى پاککەرەوەى ئاو دەستبەر دەکات و 4.09%ى لە رێگەى ئاوى کانزایی دابین دەکات.
لە پارێزگاى دهۆک 90.66%ى ئاوى خواردنەوەکەى لە رێگەى ئاوى ماڵان دەستبەر دەکرێت، 3.86%ى لە رێگەى ئامێرى پاککەرەوەى ئاو و 3.86%ى ئاوى خواردنەوەى کانزاییە.
92.78%ى ئاوى خواردنەوەى هەولێر لە رێگەى ئاوى ماڵانەوە دەستبەردەکرێت، 1.03%ى ئەو ئاوە لەرێگەى ئامێرى پاککەرەوەى ئاو دەستەبەر دەکرێت، 2.98%ى ئاوى خواردنەوەى کانزاییە.
کەمترین رێژەى پشتبەستن بە ئاوى ماڵان بۆ خواردنەوە لە پارێزگاى بەسڕەیە کە تەنیا 30.01%ى پشت بەو سەرچاوەى ئاوە دەبەستن، زۆترین رێژەى پشتبەستن بە ئاوى کانزایی لە عێراق بۆ خواردنەوە لە بەغدایە کە 15.53%ى تێکڕاى سەرچاوەى ئاوى خواردنەوەیانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ