راپۆرتی تایبەت؛ ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ
دوای 37 ساڵ و لە 20 بۆ 22ـی تشرینی دووەمی 2024، لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتیی کرا. تێیدا ناوی خێزانەکان تۆمار کران و تاوەکو 10ـی کانوونی دووەمی 2024 فۆڕمی تۆماری خێزان پڕکرایەوە، کە تێیدا زیاتر لە 70 پرسیار لە هاونیشتمانی و هاووڵاتیان کرا.
رۆژی 25ـی تشرینی دووەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا ئەنجامى بەرایی سەرژمێرى گشتیی دانیشتووانى هەرێمی کوردستان و عێراقی بڵاوکردەوە.
رۆژی 23ـی شوباتی 2025، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی دووشەممە 24ـی شوبات لە رێوڕەسمێکدا ئەنجام و وردەکارییەکانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان رادەگەیێندرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، لە رێوڕەسمەکەدا ژمارەیەک وەزیر، پەرلەمانتار، پارێزگارەکان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، بریکاری وەزارەتەکان و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە ئامادە دەبن.
گرنگیی سەرژمێری
سەرژمێری سەرچاوەیەکی زۆر گرنگە بۆ داتا و زانیارییە ورد و تێروتەسەلەکان لەبارەی قەبارەی دانیشتووان، دابەشکاریی تەمەن، جوگرافیا، تایبەتمەندییە دیموگرافی و ئابوورییەکان لەسەر هەردوو ئاستی خۆجێیی و نیشتمانی. داتاکان لە دانانی سیاسەت و پلان بۆ سەرجەم کەرتە جیاوازەکان بەکاردێت.
ئامادەکاری و ئاڵنگارییەکان
پڕۆژەکە، قۆناخ بە قۆناخ ئامادەکارییەکانی دەستپێکرد. خودی پرۆسەکە ئاڵنگارییەکی گەورە بوو بۆ ئامادەکردنی ژێرخانی پێویست وەک دامەزراندنی ناوەندی داتاکان و دابینکردنی 130 هەزار تابلێت و بەستنی بە ئینتەرنێت و دامەزراندنی تۆڕی پەیوەندییەکان و راهێنانی بژمێرەکان.
کارە مەیدانییەکان
کاری ئەزموونیی سەرژمێرییەکە سەرەتا لە 86 گەڕەکی 18 پارێزگا، 46 گوند لە دەشتاییەکان و 40 گەڕەکی شارەکان بەڕێوەچوو. نزیکەی 764 توێژەر، کارمەندی تەکنیک و کارگێڕی بە پاڵپشتی کادیرانی دەستەی ئامارەکان بەشدار بوون. قۆناخی دواتر پرۆسەی ژماردن و گەمارۆسازی بوو کە لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد و دوو مانگی خایاند. سەرباری کشانەوەی بەشێک و نە گونجانی دەوامی بەشێکی دیکە و سەرقاڵبوونیان بە راهێنان، بەڵام 30 هەزار کارمەند، بەڕێوەبەر و یاریدەدەر تێیدا کاریان کرد.
شیکردنەوەی ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و یەکە نیشتەجێبووەکان بۆ ساڵی 2024
شیکارییەکە تێڕوانینێکی گشتگیر بۆ بەرچاوترین ئەنجامەکان دەستنیشان دەکات بۆ ئەنجامی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و یەکە نیشتەجێبووەکان بۆ ساڵی 2024 و سەرنجی لەسەر دابەشکردنی ژمارەی دانیشتووان دەبێت بەپێی رەگەز، تەمەن و باری خێزانی و ئابووری. لەپاڵ ئەمەشدا تیشک دەخاتە سەر کەرتەکانی کار و فێربوون و خزمەتگوزارییەکان.
یەکەم: دابەشکردنی دانیشتووان بەپێی رەگەز:
رێژەی رەگەز: رێژەی رەگەز بۆ هەر 100 مێینە 101 نێر هەیە. ئەمەش دەیسەلمێنێت رێژەی هەردوو رەگەزەکە لە یەکدییەوە زۆر نزیکن.
دووەم: دابەشبوونى دانیشتووان بەپێی ژینگە:
بۆ عێراق:
شارنشین 70.17٪
گوندشین: 29.83٪
بۆ هەرێمی کوردستان:
شارنشین: 84.57٪
گوندنشین: 15.43٪
سێیەم: دابەشبوون بەپێی تەمەن:
بۆ عێراق:
رێژەی دانیشتووانی تەمەن خوار 5 ساڵ: 11.16٪
رێژەی دانیشتووانی تەمەن 5-14 ساڵ: 24.74٪
رێژەی دانیشتووانی تەمەن (15-64 ساڵ) تەمەنی کارکردن: 60.44٪ ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق لە چوارچێوەی گەشەی دیموگرافیدا بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تەمەنی کارکردن.
رێژەی دانیشتووانی تەمەن 65 ساڵ بەرەو سەرەوە: 3.66٪
بۆ هەرێمی کوردستان:
رێژەی دانیشتووانی تەمەن خوار 5 ساڵ: 9.92٪
رێژەی دانیشتووانی تەمەن (5-14 ساڵ) تەمەنی کارکردن: 21.76٪
رێژەی دانیشتووانی تەمەن (15-64 ساڵ) تەمەنی کارکردن: 63.92٪
رێژەی دانیشتووانی تەمەن 65 ساڵ بەرەو سەرەوە: 4.4٪
عێراق لە لێواری قۆناخێکی نوێدایە. سەرژمێری 2024 دەستپێکە بۆ نەخشاندنی وێنەیەکی ورد و واقیعبینانە بۆ کۆمەڵگەی عێراق بە هەموو پێکهاتە و ئاڵنگارییەکانەوە. ئەم سەرژمێرییە تەنیا لە ژمارە پێکنایەت، بەڵکو نەخشەڕێگەیە بەرەو داهاتوویەکی باشتری پشتئەستوور بە داتای ورد و گشتگیر.
پاشخانی مێژوویی:
ساڵی 1957: ژمارەی دانیشتووان 6.500.000 ملیۆن کەس
ساڵی 1965: ژمارەی دانیشتووان نزیکەی 9.000.000 ملیۆن کەس
ساڵی 1977: ژمارەی دانیشتووان 12.000.000 ملیۆن کەس
ساڵی 1987: ژمارەی دانیشتووان 16.000.000 ملیۆن کەس
ساڵی 1997: ژمارەی دانیشتووان 22 ملیۆن کەس. ئەم سەرژمێرییە هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە، بەڵام بەپێی شیمانە کاریان بۆ کرد.
ساڵی 2024: ژمارەی دانیشتووان 46.118.793 ملیۆن کەس
کاریگەری پەتای کۆڤید-19 بەسەر سەرژمێریی دانیشتووان:
زۆربەی وڵاتانی جیهان کەوتنە ژێر کاریگەریی راستەوخۆی پەتای کۆڤید-19 کە کاریگەریی راستەوخۆشی لەسەر پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان هەبوو. بڕیاربوو وەزارەتی پلاندانان سەرژمێریی دانیشتووان لە ساڵی 2020 ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی کۆڤید-19 دواخرا.
پرۆگرامی کردەیی و زانستی
بۆ ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە، باشترین و پێشکەوتووترین ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکان بەکارهێندران و مۆڵەتە پسپۆڕییە پەیوەندیدارەکان بە ئاسایشی سایبەری وەرگیرا. بۆ ئەم مەبەستەش چەند ناوەندێکی پێشکەوتووی داتاکان دامەزران. هەروەها بۆ راکێشانی هێڵی ئینتەرنێت پشت بە تۆڕی نیشتمانیی ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیک بەسترا. ناوەندی پەیوەندییەکان و ژووری ئۆپەراسیۆنەکانیش دامەزرا لەپێناو چاودێریکردنی کاری مەیدانی بە بەکارهێنانی داتاکانی جیۆمیکانیکی و وێنە ئاسمانییەکان.
پاراستنی داتاکان:
کاری لەپێشینە بە پاراستنی داتای کەسەکان درا. بەرزترین رێکار و پێوەرەکانی ئاسایشی سایبەر گیرایەبەر لە کاتی دابەزاندنی داتا کەسییەکان بەسەر تابلێتەکان و ناردنی و پاراستنی لە ناوەندی داتاکاندا.
راسپاردەکانی سەرژمێری:
تایبەتمەندی دیموگرافی؛ دابەشکردنی چەندێتی، دابەشکردنی تەمەن، دابەشکردنی رەگەزی، نەزۆکی، تێکڕای قەبارەی خێزان.
تایبەتمەندیی دانیشتووان: جۆری ماڵ، خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان بە ماڵ، کەرەستەی بیناسازی، ساڵی دروستکردن و ژمارەی ژوورەکان و بەکارهێنانیان.
گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون: لەنێوان پارێزگاکان و لە شارستانییەتەوە بۆ دەشتەکان.
نیڤشکان و ئاستەنگییەکان: نەخۆشییەکان، مردن و هۆکاری مردن و تێکڕای مردنی دایکان.
کار: پیشە/پسپۆڕی، چالاکیی ئابووری/خاوەندارێتی کشتوکاڵ و پەلەوەر.
جیاوازییەکانی سەرژمێری 2024:
سەرژمێری عێراق 2024 خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی فرەیی لە عێراق. لە کاتێکی مێژوویی زۆر گرنگدا سەرژمێرییەکە کرا کە عێراق چاوی لە باشتربوون و پێشکەوتنە. ئەم سەرژمێرییە داتای زۆر ورد و گشتگیر فەراهەم دەکات لەسەر ئاستەکانی گوند و شار کە هاوکار دەبێت لە پلاندانان و داڕشتنی سیاسەتەکانی گەشەسەندن.
سەرژمێریی ئەلیکترۆنی (دیجیتاڵی):
بڕیاری عێراق بۆ ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی ئەلیکترۆنی بازدانێکی جۆرییە لەپێناو نوێکردنەوەی سیستمی سەرژمێری، لە رووی پێوەر و سیاسەتەکان و لێهاتووییەکان و هاوبەشییەکان و کولتووری بە داتاکردن. ئەم سەرژمێرییە بنەمای پەرەسەندنی سیستمی سەرژمێری بۆ 10 ساڵی داهاتوو داڕشتووە.
ئامانجی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان:
یەکەم: دەستگەیشتن بە داتای نوێکار و گشتگیر لەبارەی تاک، یەکەی نیشتەجێبوون و خێزانەکان.
دووەم: ئەنجامی سەرژمێرییەکە بە بەردی بناخەی سەرجەم پرۆسەکانی پلاندانان و گەشەپێدان دادەنرێت.
سێیەم: دامەزراندنی بنەمای داتای زانیاری گشتگیر لەبارەی باڵەخانەکان، خانووەکان و دامەزراوەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان.
چوارەم: ئامادەکردنی رێژەی دانیشتووان لەنێوان هەر سەرژمێرییەکدا.
بەپێی دەستووری عێراق و یاسای دەستەی ئامار و سیسمی زانیارییە جوگرافییەکان؛ دەستەی ئامار، بە لێڤەگەڕی ئامارە فەرمییەکان بۆ داتا و زانیارییەکان لە عێراق هەژمار دەکرێت. دەستەی ئامارەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی ئامارەکانی هەرێمی کوردستان چەندین ئاماژەی ئامارە فەرمییەکان دەردەخات لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری ساڵانە و خولی.
پاشخانی مێژوویی:
لەوەتەی دەستەی ئامارەکان (دەزگای ناوەندی بۆ ئامارەکان-پێشوو) بەرپرسیاریێتی سەرژمێری دانیشتووانی ساڵی 1977 بە پشتبەستن بە بنەماکان و را
سپاردە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە سەرژمێری گشتیی ئەنجامدا. تا ساڵی 1977 سەرژمێری بەشێوەیەکی رێکخراو ئەنجام دەدرا. دوای 2003 تەنیا پرۆسەی ژماردن و گەمارۆسازیی لە ساڵی 2010 ئەنجامدرا بەبێ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان.
سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و یەکەی نیشتەجێبوون لە ساڵی 2024:
لە 2024دا عێراق شایەتی رووداوێکی مێژوویی نایاب بوو، ئەویش ئەنجامدانی سەرژمێری ئەلیکترۆنی بۆ دانیشتووان و یەکە نیشتەجێبووەکان. بە بەکارهێنانی پێشکەوتووترین ئەپلیکەیشن و تەکنۆلۆژیای سەردەم بە بەرزترین پێوەری وردبینی و متمانەی نێودەوڵەتی. ئەویش لە رێگەی گرتنەبەری شێوازی تیۆری کە گەمارۆسازی و سەرژمێری بۆ ژمارەی دانیشتووان کرا بەپێی شوێنی نیشتەجێبوونیان و بە لەبەرچاوگرتنی شوێنی مانەوەیان لە کاتی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە.
تایبەتمەندیی سەرژمێری ئەلیکترۆنی:
یەکەم: وردیی داتاکان:
کەمی هەڵەی مرۆڤ: سەرژمێری ئەلیکترۆنی ئەگەری هەڵەکان لەکاتی کۆکردنەوەی داتاکان بەراورد بە شێوازە کلاسیکییەکە، کەمدەکاتەوە.
بەدواداچوونی داتاکان: بەدواداچوونی دەستبەجێ بۆ زانیارییە کۆکراوەکان دەکات کە هاوکارە بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان و خۆ بەدوورگرتنەوە لێیان.
دووەم: خێرا ئەنجامدانی سەرژمێری:
پاشەکەوتکردن لە کات و ماندووبوون: بە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، داتاکان کۆدەکرێنەوە و دەستبەجێ بەخێراییەکی زۆر رێکدەخرێن. ئەمەش پاشەکەوتێکی زۆر لە کات و ماندووبوون دەکات لەکاتی سەرژمێریکردنەکەدا.
سێیەم: کەمکردنەوەی خەرجییەکان:
کەمکردنەوەی پێویستی بە سەرچاوە مرۆییەکان: سەرژمێریی ئەلیکترۆنی پێویستی بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەران کەم دەکاتەوە بۆ بابەتی کۆکردنەوە و نووسینی داتاکان. بەمەش تێچووی مووچە و راهێنانیش کەم دەکات.
کەمکردنەوەى بەکارهێنانی کاخەز: بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، پشتبەستن و بەکارهێنانی کاخەز کەم دەکاتەوە. بەمەش تێچووی چاپکردن و بەکۆگاکردنیان کەم دەکاتەوە.
چوارەم: باشترکردنی کوالێتی شیکردنەوە:
داتا دیجیتاڵییەکان: داتا دیجیتاڵییەکان کە بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی کۆدەکرێتەوە ،شیکاریی و چارەسەرکردنەکان باشتر بەڕێوەدەبات. دەرەنجام زانیاری زۆر ورد و گشتگیر دەخاتە بەردەست.
توانای گرێدانی بە داتای زانیارییەکانی دیکە: دەکرێ داتای سەرژمێری ئەلیکترۆنی بە داتای زانیارییەکانی دیکەوە گری بدرێت. بەمەش تێڕوانینێکی گشتگیر بۆ دانیشتووان و تایبەتمەندییەکانیان فەراهەم دەکات.
پێنجەم: شەفافییەتی زیاتر:
بەدواداچوونى قۆناخەکانی سەرژمێری: بەدواداچوونی قۆناخەکانی سەرژمێری ئەلیکترۆنی و بەدواداچوون بۆ راست و دروستیی داتاکا وا دەکات، شەفافییەت و متمانەی زیاتر بە ئەنجامەکان دەدات.
دەستگەیشتن بە داتاکان: زانیاریی پێویستى ئەنجامى سەرژمێرى بەردەست دەبێت بۆ توێژەران و پسپۆڕان لەپێناو بەکارهێنانیان کە دەبێتە پاڵپشتى بۆ توێژینەوە زانستییەکانیان و گەشەپێدان.
خوێندن:
رێژەی نەخوێندەواری: رێژەی نەخوێندەواری لە کۆی ژمارەی دانیشتووان (10 ساڵان و زیاتر) لە عێراق 15.31٪ـە و لە هەرێمی کوردستانیش رێژەکە 16.23٪ دەبێت.
دابەشبوونى رێژەی خوێندن بەگوێرەى قۆناخەکانى خوێندنى (سەرەتایی-ناوەندی) و جۆری فێرکردن: رێژەی قوتابیانی نێر 51.5٪ و مێینە 48.5٪یە. رێژەی نێوان هەردوو رەگەزەکە لە دەرفەتی پەروەردە و فێرکردن لە یەکدی نزیکە.
تێکڕای خوێندن لە قۆناخی سەرەتایی: تێکڕای خوێندن لە قۆناخی سەرەتایی لە عێراق 88٪ـە و لە هەرێمی کوردستان 93٪یە. ئەمەش دەرەنجامێکی باشە، بەڵام ئاماژەشە بۆ ئەوەى هەندێک لە منداڵان دەرفەتی خوێندنیان نەبووە یان کەوتوون (دەرنەچوون).
خزمەتگوزارییەکان:
ئاوی خواردنەوە: لەکۆی ژمارەی دانیشتووانی عێراق، 87٪یان لە یەکەکانی نیشتەجێبوون ئاوی خواردنەوەیان بۆ دەستبەرکراوە، رێژەکە لە هەرێمی کوردستان 82٪ـە. ئەمە رێژەیەکی باشە، بەڵام هێشتا 13٪ی دانیشتووان ئاوی خواردن لە سەرچاوەی دیکە دابین دەکەن.
کارەبا: دابەشکردنی سەرچاوەکانی کارەبا بۆ سەر خێزانەکان بەمشێوەیەیە:
کارەبای نیشتمانی: لە عێراق 98٪ـە و لە هەرێمی کوردستانیش رێژەکە 93٪یە.
سەرچاوەکانی دیکەى کارەبا: 93% و لە هەرێمی کوردستان رێژەکە یەکسانە بە 93٪. خێزانەکان لەپاڵ کارەبای نیشتمانی، سەرچاوەی دیکەی کارەبا بەکاردەهێنن وەک موەلیدەی ئەهلیی بۆ بەدەستهێنانى کارەبا .
چارەسەرى زبڵ و خاشاک:
58٪ی خێزانە عێراقییەکان زبڵ و خاشاکەکانیان لە رێگەی کۆمپانیای کۆکردنەوەی زبڵ بەرێدەکەن. بەڵام 13٪یشیان خاشاکەکانیان دەسووتێنن کە ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانى پیسکەر کە هەڕەشە لە ژینگە دەکات. 83٪ی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان زبڵ و خاشاکەکانیان لە رێگەی کۆمپانیای کۆکردنەوەی زبڵ چارەسەر دەکەن. ئەمەش دەیسەلمێنێت خزمەتگوزاریی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکەکان پێویستی بە چاکسازییە.
ئاوەڕۆ ؛ 49٪ی خێزانەکانى عێراق و 44٪ی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان پشت بە تۆڕی گشتیی ئاوی قورس (مەزرا) دەبەستن بۆ رزگاربوونیان بۆ رزگار بوون لە ئاوى قورس
یەکەکانی نیشتەجێبوون:
یەکەکانی نیشتەجێبوون: ئامارەکان دەیسەلمێنن 72.15٪ی هاووڵاتییان عێراق خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوونن و موڵکی خۆیانە. رێژەکە لە هەرێمی کوردستان 70.16٪یە.
باری کەسی:
تێکڕای تەمەنی هاوسەرگیری یەکەم: تێکڕای تەمەنی هاوسەرگیری یەکەم 22.24٪ـە. بۆ نێر رێژەکە 24.06٪ـە و مێینە 20.7٪ـە.
تێکڕای تەمەنی هاوژینەکان: تەمەنی نێر 23 ساڵ
تێکڕای تەمەنی هاوژینەکان: تەمەنی مێ 20 ساڵ
دابەشبوونى دانیشتووان بەپێی دۆخی هاوژینی:
عێراق:
سەڵت: 41.6٪
خێزاندار (نێر و مێ): 54.01٪
تەڵاقدراو (نێر و مێ): 1.28٪
بێوەژن و بێ ژن: 2.8٪ (ژمارەکە بەپێی گەورەیی تەمەن زیاد دەکات. ئەمەش رێژەیەکى سرووشتییە)
جیابووەوە (نێر و مێ): 0.24٪
هەرێمی کوردستان
سەڵت: 41٪
خێزاندار (نێر و مێ): 55.83٪
تەڵاقدراو (نێر و مێ): 0.66٪
بێوەژن و بێژن: 2.18٪
جیابووەوە (نێر و مێ): 0.33٪
رێژەی مردنی دایکان:
رێژەی مردنی دایکان لە عێراق بۆ هەر 100.000 هەزار کەس لە تەمەنەکانی 26.7 تۆمارکراوە. لە هەرێمی کوردستان 34.3یە.
وەچەخستنەوە
تێکڕای وەچەخستەوە لە عێراق: 3.9٪یە
تێکڕای وەچەخستنەوە لە هەرێمی کوردستان: 3.5٪ـە
دۆخی ئابووری:
دانیشتووانی چالاک لە رووی ئابوورییەوە: بۆ تەمەنی 15 ساڵ بەرەو سەرەوە لە عێراق 41.61٪ـە. لە هەرێمی کوردستانیش 46.06٪ دەبێت. دانیشتووانە ناچالاکەکان لە رووی ئابوورییەوە، منداڵ و قوتابی و ژنی ماڵەوە دەگرێتەوە،کە کار ناکەن.
دابەشکردنی کارکەران بەپێی کەرتی کارکردنیان: فەرمانبەران لە کەرتی حکومی و گشتی لە عێراق 38.25٪ـە لە کۆی دانیشتووانی چالاک لە رووی ئابوورییەوە. و لە هەرێمی کوردستانیش 37.18٪یە.