رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "بڕێک لە پشکی 12.67٪ـی بودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕین و دەیخەینە سەر بودجەی حاکیمە بۆ دابەشکردنی مانگانەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان."
رۆژی شەممە، 24ـی شوباتی 2024، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی دارایی حکومەتی ناوەندیی عێراق ناچارە بەهەمان شێوەی مووچەخۆرانی خۆی، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش پارەدار بکات و مووچەیان پێ بدات. بەپێی بڕیارەکەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ مووچەی فەرمانبەرانی بە نیشتمانی بکات."
عەتوان عەتوانی گوتیشی، "بڕیارەکە روونە؛ هەر لایەنێک ئاستەنگ بخاتە بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکەوە رووبەڕووی لێپێچینەوە یاسایی دەبێتەوە و بەرامبەر گەل بەرپرسیار دەبێت. پرسی بەنیشتمانیکردنی مووچەی مووچەخۆران لە رێگەی دامەزراندنی داتابەیسێکی گشتیی پڕ زانیاری دەبێت بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ناو لە پێدانی دوو مووچە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەت. ئەم بابەتە تەنانەت لە حکومەتی ناوەندیدا کاری پێدەکرێت؛ بۆیە پێویستە هەمووان پابەندی بڕیارەکە بن، چونکە بڕیارەکە تانەی لێنادرێت و دەبێ بە دروستی جێبەجێ بکرێت."
لەبارەی میکانیزمی دابەشکردنی مووچەوە، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "بڕی پارەدارکردنەکە پەیوەستە بە پشکی هەرێمی کوردستان. بڕە تەرخانکراوەکە بۆ پێدانی مووچە لە پشکی 12.67٪ـی هەرێمی کوردستان دەبڕدێت و ئەو بڕەی لە 12.67٪ دەمێنێتەوە، تایبەت دەبێت بۆ پارەدارکردنی پرۆژەکان و پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری لە هەرێم[ـی کوردستان] کە لە بڕگەی خەرجیی کرداری دەبێت لە چوارچێوەی یاسای بودجە. بەوەش سەقامگیری و رێکوپێکی بەدی دەکرێت لە پڕۆسەی پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی."
عەتوان عەتوانی باسی لەوەشکرد، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە مووچەیان بۆ دەنێردرێت و بە رووداوی گوت، "پێدانی مووچە مانگانە دەبێت؛ حکومەتی ناوەندی مانگانە مووچە بۆ فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی دەنێرێت بەهەمان شێوەی مووچەخۆرانی حکومەتی ناوەندی. دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا بکات و خۆی بگونجێنێت و پەلە بکات لە جێبەجێکردن و بەدەمەوەچوونی سەرجەم رێنماییەکان و ئەو پێداویستیانەی داوا دەکرێن بۆ بەجێگەیاندنی پڕۆسەی بەنیشتمانیکردنی مووچە لە رێگەی بانکە پەسندکراوەکان لەلایەن وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراق."
بۆ دابەشکردنی مووچە لە رێگەی بانکەکانەوە، سەرۆکی لیژنەی دارایی رایگەیاند، "چەند بانکێک هەن کە ماستەر کارت بە هاوبەشەکانیان دەدەن. لە رێگەی بە نیشتمانیکردنی مووچەوە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەهەمان شێوەی هاوکارەکانیان لە حکومەتی ناوەندی لەو بانکانە مووچە وەردەگرن کە وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی پەسندیان کردوون."
عەتوان عەتوانی گوتی، "مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم[ـی کوردستان] دەردەهێنین و دەیخەینە سەر بڕگەی خەرجییەکانی حاکیمە بۆ ئەوەی نەچێتە خانەی خەرجییە کردارەکان. دەبێت بودجەکە لەگەڵ بڕیاری دادگەی فیدراڵی ئاوێتە بکەین و بیگونجێنین بۆ ئەوەی لە دەرەوەی خانەی خەرجییە کردارییەکان بێت و مانگانە دابین بکرێت"؛ باسی لەوەشکرد کە "پێویستە حکومەتی هەرێمـی کوردستان کار بۆ بە نیشتمانیکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بکات لەپێناو ئەوەی مانگانە مووچەکانیان بۆ بنێردرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ