فوئاد حوسێن: نامەیەکی گرنگمان لە حکومەتی ئەمریکاوە پێگەیشت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و ئەمەی دوایی "نامەیەکی گرنگی" حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای رادەست کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2024) رایگەیاند د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و نامەیەکی گرنگی لێ وەرگرت کە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بۆ حکومەتی ناوەندیی عێراق نێردراوە. بەبێ ئەوەی هیچ لەبارەی ناوەڕۆک و وردەکاریی نامەکە بڵاوبکاتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "وەزیری دەرەوە نامەیەکی گرنگیی حکومەتی ئەمریکای لە باڵیۆزی ئەمریکا وەرگرت، کە دەدرێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەتمەند، بەمنزیکانە هەنگاوەکان لەبارەیانەوە دەگیرێتەبەر."
پێدانی ئەو نامەیە لەکاتێکدایە لەدوای هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن زیاتر لە 140 جار هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
بەهۆی ئەو هێرش و گرژییانەشەوە لەنێوخۆی عێراق، شیعە داوا دەکەن هێزە بیانییەکان لە عێراق بچنە دەرەوە و چەند جارێک محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کردووە؛ لەرێگەی لیژنەیەکی دووقۆڵییەوە بەمنزیکانە گفتوگۆ بۆ دانانی خشتەی تایبەت بەو بابەتە دەکرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش سوپاى ئەمریکا دوو پێگەى کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقیی سەر بە حەشدی شەعبی لە ئەنبار و بابل بۆردوومان کرد، بارەگایەکیان لە ناوچەى سیکەک لە شارى قائیمى رۆژئاواى ئەنبار بوو، بارەگاکەی دیکەش لە ناحیەى جورف سەخر لە باشووری بابل، کە بەهۆیەوە چەکدارێکى ئەو گرووپە کوژرا.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى حەشدی شەعبی رایگەیاند، لە هێرشەکەى سوپاى ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکەیان لە ئەنبار چەکدارێکیان بە ناوى عەلى ئەنوەر سەبیح ساعیدی کوژراوە.
لە پاش هێرشەکە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشانە وەڵامێکی راستەوخۆن بۆ زنجیرەیەک هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا لەلایەن ئەو هێزانەوە، کە ئێران سپۆنسەریان دەکات.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتیشی، خۆی و سەرۆکی ئەمریکاش دوودڵ نابن لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانیان و بەرژەوەندییەکانیان، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، بەدوای ئەوەوە نین گرژییەکان لە ناوچەکە زیاد بکەن.