دەستەی دەستپاکیی عێراق: گەندەڵی لە دروستکردنی منارەی 35 مزگەوت کراوە

24-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئەندازەی دیوانی وەقفی سوننە و چوار تۆمەتباری دیکە دەستگیرکران کە بڕی ملیارێک و 571 ملیۆن دینارییان لە دارایی گشتی بەفیڕۆداوە، دەستەکە دەڵێت: "زێدەڕۆییان کردووە لە پارەی خەرجکراو بۆ دروستکردنی منارەی ئاسنینی 35 مزگەوت و هەر یەکێکیان بە زیاتر لە 56 ملیۆن دینار نووسیوە."
 
رۆژی سێشەممە، 24-1-2023، دەستەی دەستپاکی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "دادگەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی لە پارێزگای سەڵاحەدین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی فەرماندەی ئەندازەی دیوانی وەقفی سوننە و چوار تۆمەتباری دیکە دەرکردووە، لەنێویاندا سەرۆکی ئەندازیاران لە دیوانی وەقفەکە."
 
هەروەها هاتووە: "ئەو کەسانە بەرپرسن لە بەفێڕۆدانی بڕی یەک ملیار و 571 ملیۆن و 800 هەزار دیناری دارایی گشتی."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە دەستەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهاوکاری تیمی پشکنینی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی بەغدا و دوای لێکۆڵینەوەی مەیدانی و چوونە سەر شوێنی منارە ئاسنینەکان و دوای وردبینی لە دۆسیە سەرەتاییەکان لە پارێزگای سەڵاحەدین، بۆیان دەرکەوتووە نرخی منارەکانی 35 مزگەوتی پارێزگای سەڵاحەدین زێدەڕۆیی تێدا کراوە و بڕی 56 ملیۆن و 500 هەزار دیناریان بۆ هەر منارەیەک خەرجکردووە.
 
دادگەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی لە پارێزگای سەڵاحەدین، بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقیی ژمارە 111ــی ساڵی 1969 فەرمانی دەستگیکردنی بۆ چوار کەس دەرکردووە.
 
رۆژی 24-1-2023، هادی سەلامی، ئەندامی لێژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو دۆسیەیە بە (رووداو)ی گوت: "گەندەڵی هەموو جومگەکانی دەوڵەتی رزاندووە، ئێمە دەمانەوێت کار بۆ نەهێشتنی بکەین، بەڵام دەبینین گەندەڵی لە شوێنە پیرۆزەکانیش دەکرێت و گەندەڵکاران هەموو کارێک دەکەن لەپێناو خۆ دەوڵەمەندکردنی ناڕەوا" گوتیشی ئەوان وەکو لیژنەکەیان پێشتر ئاگاداری ئەو دۆسیەیە بوون.
 
لەماوەکانی رابردووە چەندین تۆمەت لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە درانە پاڵ وەقفی سوننە و تۆمەتبارکرا بە گەندەڵی لە گرێبەستەکانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە