په‌یامی موقته‌دا سه‌در له‌ خۆپیشاندانه‌ ملیۆنییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی به‌غدا

24-01-2020
نیشانەکردن بەغدا ئەمریکا خۆپیشاندان لە عێراق
A+ A-
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، له‌میانی خۆپیشاندانه‌ ملیۆنییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ناوچه‌ی جادرییه‌، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، هه‌موو هه‌وڵ و تواناكانمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی عێراق نه‌خزێته‌ جه‌نگێكی نوێ له‌دژی داگیركاری سته‌مكار كه‌ خۆی به‌سه‌ر جه‌سته‌ی عێراقدا داكوتیووه‌، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا گه‌نده‌ڵكارانی به‌سه‌رماندا سه‌پاند و سامانی عێراق به‌هه‌ده‌رچوو. تایفه‌گه‌ری له‌تله‌تبوون و تووندوتیژی بڵاوكرده‌وه‌ و عێراقی كرده‌ گۆڕه‌پانی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و مۆڵگه‌ی تیرۆریستان و میلیشیاكان و سه‌رچاوه‌ی هه‌ژاری و نه‌خۆشی و سه‌روه‌ریی خاك و ئاسمانی پێشێلكرا و بووه‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پاوانخوازی هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان. 
 
موقته‌دا سه‌در له‌ په‌یامه‌كه‌یدا حه‌وت مه‌رج ده‌خاته‌ به‌رده‌م هێزه‌كانی ئه‌مریكا و ده‌شڵێت، هه‌موو رێگه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه‌، سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری و جه‌ماوه‌ری ده‌گرینه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع به‌كرده‌یی هێزه‌ داگیركاره‌كان له‌ خاكی عێراق ده‌ربچن. ده‌رچوونیشیان به‌م مه‌رجانه‌ ده‌بێت: 
 
یه‌كه‌م: داخستنی ته‌واوی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكی له‌ خاكی عێراق
 
دووه‌م: داخستنی باره‌گاكانی سه‌رجه‌م كۆمپانیا ئه‌منییه‌كانی ئه‌مریكی و هه‌ڵپه‌ساردنی كاره‌كانیان. 
 
سێیه‌م: داخستنی كایه‌ی ئاسمانیی عێراقی به‌ڕووی فڕۆكه‌ سه‌ربازیی و هه‌واڵگرییه‌كانی داگیركاران. 
 
چواره‌م: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م رێككه‌وتنه‌ ئه‌منییه‌كان له‌گه‌ڵ هێزی داگیركه‌ر، به‌هۆی نه‌بوونی هاوسه‌نگیی نێوده‌وڵه‌تیی، چونكه‌ له‌سه‌رده‌می داگیركاریدا واژۆكراون. 
 
پێنجه‌م: نابێ تره‌مپ له‌ گوتار و بڕیاره‌كانی سه‌باره‌ت به‌ عێراق به‌لووتبه‌رزی و خۆ به‌زلزانییه‌وه‌ و چاوچنۆكییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌هه‌مان ره‌فتار وه‌ڵامی ده‌درێته‌وه‌. 
 
شه‌شه‌م: نابێ هیچ وڵاتێكی دراوسێ ده‌ستوه‌ربداته‌ چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ داگیركه‌ر له‌ ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ یان ره‌تكردنه‌وه‌ی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ عێراق.
 
حه‌وته‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌رجانه‌مان جێبه‌جێكرا، ئه‌وسا مامه‌ڵه‌كردنمان له‌سه‌ر بنه‌مای داگیركه‌ر كۆتایی پێدێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێته‌ وڵاتێكی دووژمن بۆ عێراق ئه‌گه‌ر بێتوو له‌ ماوه‌ی دیاریكراودا مه‌رجه‌كان جێبه‌جێ نه‌كات.
 
سه‌در له‌ به‌رامبه‌ردا مه‌رجه‌كانیشی، پابه‌ندبوونی خۆی به‌م خاڵانه‌ راده‌گه‌یێنێت: 
 
یه‌كه‌م: راگرتنی مقاوه‌مه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی كاتی تا ده‌رچوونی دوایین سه‌رباز. 
 
دووه‌م: سزادانی هه‌ر لایه‌نێك هه‌وڵی پێشێلكاری سه‌روه‌ری عێراق بكات. 
 
سێیه‌م: تێكه‌ڵكردنی حه‌شدی شه‌عبی به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگری. له‌ ئه‌گه‌ری تێكه‌ڵنه‌كردنیشیدا، پێویسته‌ حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك هێزێكی نێو سیسته‌می به‌رگریی عێراقی پابه‌ندی فه‌رمانه‌كانی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق بێت. 
 
سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌دڕ ده‌شڵێت، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی ئێمه‌ له‌م قۆناخه‌دا پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق و سه‌لامه‌تی یه‌كێتیی خاك و گه‌له‌كه‌ی ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی ئه‌م خاڵانه‌وه‌:
 
یه‌كه‌م: چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ خاكی عێراق. 
 
دووه‌م: پابه‌ندبوونی ته‌واو به‌ده‌ستوه‌رنه‌دان بۆ كاروباری نێوخۆیی عێراق به‌تایبه‌تیش كاروباری سیاسیی و ئابووری. 
 
سێیه‌م: پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق رێككه‌وتن و به‌ڵێننامه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وڵاتانی دراوسێ واژۆبكات بۆ ده‌ستدرێژی نه‌كردن و رێزگرتنی دوولایه‌نه‌ بۆ سه‌روه‌رییه‌كان به‌گوێره‌ی په‌یماننامه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان. 
 
چواره‌م: رێگریكردن له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كان، هیچ جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ده‌ره‌كیی ئه‌نجام نه‌ده‌ن ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندی فه‌رمیی ده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵدا نه‌بێت. 
 
پێنجه‌م: گرتنه‌به‌ری مامه‌ڵه‌ی هاوشێوه‌ له‌گه‌ڵ وڵاته‌ بیانییه‌كان بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری و شكۆی عێراق. 
 
شه‌شه‌م: پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق باره‌گای سه‌رجه‌م نوێنه‌ره‌ دیپلۆماسییه‌كان و باڵیۆزخانه‌كانی ته‌واوی وڵاتان به‌كارمه‌نده‌كانیانه‌وه‌ بپارێزێت و رێگری له‌ هه‌موو جۆره‌ پێشێلكارییه‌ك بكات و سزای ئه‌نجامده‌رانی بكات .
 
حه‌وته‌م: تۆكمه‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌رییه‌كانی. 
 
له‌ كۆتاییدا، ئامۆژگاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان یان رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی یان یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌كه‌م نێوه‌ندگیری یاخود سه‌رپه‌رشتیی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بكه‌ن. 
 
هه‌روه‌ها ئامۆژگاری حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌م بڕگه‌كانی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ له‌ئه‌ستۆبگرن بۆ پاراستنی كه‌رامه‌ت و شكۆ و سه‌روه‌ریی عێراق و رزگاركردنی له‌ ناكۆكییه‌ نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە