سیادە و هاوپەیمانی عەرەبی: یەکێتی و حەلبووسی لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی کەرکووک رێککەوتوون

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حیزبی سیادە و هاوپەیمانی عەرەبیی کەرکووک دەڵێن، محەممەد حەلبووسی پاڵپشتیی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک دەکات، لەکاتێکدا ئەوان پێیانوایە "حکومەتەکە بە شاراوەیی و نایاسایی" پێکهێنراوە.
 
دووشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، حیزبی سیادە لە کەرکووک و هاوپەیمانی عەرەبیی کەرکووک راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "بە داخ و سەرسوڕمانێکی زۆرەوە، شۆک بووین بەو راگەیێندراوەی محەممەد حەلبووسی و راگەیاندنی هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەسەر حیسابی داهاتووی کەرکووک و نەوەکانی."
 
ئەو دوو لایەنە پێیانوایە: "ئەم راگەیێندراوە بەبێ گوێدان بوو بەو قوربانییانەی عەرەبەکان لەپێناو بەرگری لە کەرکووک و ناسنامەکەی داویانە، هەروەها پاڵپشتیی حکومەتی خۆجێی کەرکووکە کە بە شاراوەیی و نایاسایی پێکهێنرا."
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی حیزبی سیادە و هاوپەیمانیی عەرەبیدا هاتووە: "ئەوەی مەترسییەکە زیاتر دەکات ئەوەیە، محەممەد حەلبووسی خۆی لە سەروو دادگەی عێراقی دەبینێت، کە دادگەی عێراق بڕیاریان روون و دادپەروەرانەیە، بەڵام ئەو شەرعیەت بە حکومەتی خۆجێی کەرکووک دەدات لە کاتێکدا دادگەی عێراقی هێشتا قسەی یەکلاکەرەوەی لەسەر پرسی پێکهێنانی نەکردووە."
 
سیادە و هاوپەیمانی عەرەبی دەڵێن، "لە پێشهاتێکی دیکەی مەترسییدار و بێوێنەدا؛ دەبینین کە حەلبووسی لە سەروو دەسەڵاتی خۆیەوە و لەجێی سەرۆکوەزیران بڕیار دەدات و دەڵێت، سەرۆکوەزیران پشتگیری لە حکومەتی خۆجێی کەرکووک دەکات، لەکاتێکدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران تاوەکو ئێستا هیچ راگەیێندراوێکی بۆ پشتگیری کردنی بڵاونەکردووەتەوە."
 
دەشڵێن: "هەموومان دەزانین سەرۆکوەزیران پشتگیری خۆی بۆ پڕۆژەی پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی لە کەرکووک راگەیاند، بەڵام حەلبووسی و هاوبەشەکانی لە رێککەوتنەکەی هۆتێل رەشید ئەوەیان شکست پێهێنا، نابێ ئەوەش لەبیربکەین کە حیزبی سیادە، هاوپەیمانی عەرەبی، لیستی بەرەی تورکمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان رەتیانکردەوە حەلبووسی لە جێگەی ئەوانیش را و بۆچوونی هەبێت و بە نوێنەرایەتی ئەوان قسەبکات، ئەو حیزبانە چەندین جار گوتوویانە ئەو حکومەتە خۆجێیەی کەرکووک رەتدەکەنەوە کە لە شەوێکی تاریک لە هۆتێلێکدا پێکهێنرا."
 
شەوی 10ـی ئابی 2024، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک کۆبوونەوەیەکی لە میوانخانەی رەشید رێکخست، لە کۆی 16 کەس، 7 کەسی فراکسیۆنی پارتی، تورکمانی و لیستی سیادە ئامادە نەبوون؛ ئەمەش ناڕەزایی ئەو لایەنانەی لێکەوتەوە و سکاڵایان تۆمارکرد. لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ئەوەش ناڕەزایی حیزبەکانی بەشدارنەبووی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی سیادە، بەرەی تورکمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان سکاڵایان لە دژی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک تۆمارکردووە. سیادە، سێ سکاڵا و هەریەک لە بەرەی تورکمانی و پارتیش سکاڵایەکیان تۆمارکردووە. 
 
دادگەی کارگێڕی لە بەغدا چەندجارێک لەسەر ئەو سکاڵایانە کۆبووەتەوە، یەکەم دانیشتنی دادگە لەبارەی سکاڵای تورکمانەکان لە 7ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، دانیشتنی سوننەکان لە 14ـی هەمان مانگ و، پارتیش لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2024.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک.

پارێزگاری کەرکووک: مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعشمان لەسەر نییە

پارێزگاری کەرکووک لە بەغدایە و دەڵێت، هەردوو سەرۆکەکانی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا و پارتی تەقەدووم جەختیان لە پاڵپشتیی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە کردووەتەوە. گوتیشی، ''هیچ مەترسییەک لەئارادا نییە کە داعش لە کەرکووک سەرهەڵبداتەوە.''