لە بێجی تەقینەوەیەک روویدا و چوار ئەندامی بنەماڵەیەک گیانیان لەدەست دا
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە قەزای بێجی سنووری پارێزگای سەلاحەدین، تەقینەوەیەک روویدا و بەهۆیەوە چوار ئەندامی بنەماڵەیەک گیانیان لەدەست دا و سێی دیکەش بریندار بوون.
کاژێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 23-12-2024، پۆلیسی پارێزگای سەلاحەدین لە تەقینەوەی بۆمبێكی ئاگادارکراونەتەوە لە جەزیرەی مەزرەعە، کە دەکەوێتە قەزای بێجی سنووری پارێزگای سەلاحەدین.
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆمبێکی چێندراوی پاشماوەی چەکدارانی داعش تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە چوار کەسی بنەماڵەیەک کوژراون و سێ دیکە برینداربوونە، سەرجەمیان لە هۆزی قەیسیین.
لە تەقینەوەکەدا هەر یەک لە یونس مەحموود عەبدوڵڵا قەیسی، حەمید عەبدوڵڵا قەیسی، موئەیەد حەميد عەبدوڵڵا قەیسی و موزاحیم حەردان خەلەیف عەبدوڵڵا قەیسی، کە لە یەک بنەماڵەن گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها هەر یەک لە نامس ئەزهەر قەیسی، موهەنەد ئەحمەد حەمەد هایت قەیسی و سالم زیاب عەبید قەیسی بریندار بوونە.
راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین گوتی، ئەندامانی ئەو بنەماڵەی لەنێوان ناوچەی حەجاج و سینییە، سەرقاڵی کێڵانی زەوی و راکێشانی کارەبا بوونە. لەوکاتە بارهەڵگرێک لە شوێنەکە چەقیوە، تراکتۆترێک هەوڵیداوە دەری بهێنێت، بەڵام بۆمبێکی چێنراو بە تراکتۆرەکەدا تەقیوەتەوە.