سوودانی لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە: مەینەتیمان دەهێنێتەوە یاد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، هێشتا رۆژانە بەڵگەی تاوانە خراپەکانی رژێمی لەنێوبراو ئاشکرادەبن و دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی بیابانی سەماوە، کاروانی خوێن، خەبات، مەینەتی و شوێن بزرکردنمان دەهێنێتەوە یاد.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی دووشەممە 23-12-2024 لە ئێکس پەیامێکی لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکەی سەماوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی ساڵانێکی زۆر تێپەڕ بووە بەسەر رووخانی گرووپی بەعسییەکان و ستەمکارییەکەیانەوە لەسەر سینەی عێراقییەکان، بەڵام هێشتا رۆژانە بەڵگەی تاوانە دڕندەکانی رژێمی لەنێوبراو ئاشکرادەبن. تاوەکو قەبارەی ئەو تاوانانە بۆ نەوەکان بگێڕدرێنەوە، کە لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی دا بەسەر خەڵکەکەمان دا هاتووە".
لە مانگی ئایار لە رێگەی درۆنەوە، شوێنی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە دۆزرایەوە، نزیکەی 150 رووفاتن، هەموویان ژن و منداڵن، زۆربەیان شوێنی گوللە بە جەستەیانەوە دیارە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "دۆزینەوەی گۆڕێکی نوێی بە کۆمەڵ لە بیابانی سەماوە، کە پاشماوەی رووفاتی پاکی خەڵکی سڤیلی لە خۆگرتووە لە منداڵ و ژنانی گەلی کوردمان. کاروانی خوێن، خەبات، مەینەتی و شوێنبزرکردنمان دێنێتەوە یاد، لەژێر چەپۆکی سیستمێکی هۆڤانەی رەگەزپەرست دا".
گۆڕە بەکۆمەڵەکە لە بیابانێکی دوورەدەستی سەماوەیە لە باشووری عێراق.
دوێنێ یەکشەممە (23-12-2024)، خانمی یەکەمی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد چووەتە سەماوە، سەرپەرشتیی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکەیان کرد.
تاوەکو ئێستا نازانرێت رووفاتەکان خەڵکی کامە ناوچەی کوردستانن، بڕیارە پشکنینی DNA چارەنووسیان یەکلایی بکاتەوە.