ئەو کەسە دەستگیرکرا کە درووشمى داعشى لە قوتابخانەیەکى بەغدا نووسی
رووداو دیجیتاڵ
درووشمى رێکخراوى داعش لەسەر دیوارى قوتابخانەیەکى بەغدا دەنووسرێت و هێزە ئەمنییەکان دەڵێن:" ئەو کەسە دەستگیر کراوە کە ئەو کارەى کردووە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ى کانوونى یەکەمى 2024، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى عێراق وێنەى درووشمى رێکخراوى داعش بڵاو کرایەوە کە لە سەر دیوارى قوتابخانەیەکى بەغدا نووسراوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە داوە کە دواى بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵە، لیژنەیەکى کارى هاوبەش لە فیرقەى یەکى پۆلیسی فیدراڵی و ئاژانسى هەواڵگرى توانراوە ئەو کەسە دەستگیربکرێت کە ئەو کارەى کردووە.
درووشمەکەى داعش لە نێو قوتابخانەیەکى ناحیەى زەعفەرانییەى باشوورى بەغدا نووسرابوو. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا دەڵێت: "دواتر زانیارى زیاتر لە بارەى ئەو پرسە بڵاودەکەینەوە".
پێشتر لە 11ى کانوونى یەکەمی 2024، لەسەر دیواری قوتابخانەی سەرەتایی گوندی عوفییە لە قەزای حەویجە لە کەرکووک ئاڵای عێراق لابرا و لە شوێنەکەیدا ئاڵای داعش هەڵکرا، دواتر چەند کەسێک بەتۆمەتی هەڵکردنى ئەو ئاڵایە دەستگیرکران.