لە بەغدا ئاڵای ئێرلەندا بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دانرابوو؟


رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ هەینی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. لە وێنەکاندا سووریی ئاڵای ئیتاڵیا بە پرتەقاڵی دەرکەوت، ئەمەش کاردانەی لێکەوتەوە و هەندێک وا لە قەڵەمیان دا کە ئاڵای ئێرلەندا بۆ میلۆنی دانراوە، بەڵام باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا هەواڵەکەی رەتکردەوە و دەڵێت، ئەو ئاڵایانە هەمووی ئاڵای کۆماری ئیتاڵیا بوون.
 
رۆژی هەینی، 23ـى کانوونى یەکەمى 2022، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانى ئیتاڵیا گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق پێشوازى لێکرا. ئەوەی لەم کۆبوونەوەیەدا بووە جێی باس، پرسی بە هەڵە دانانی ئاڵای ئێرلەندا بوو بۆ جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا.
 
لەوبارەوە باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە بەغدا لە راگەیێندراوێکدا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە بە هەڵە دانانی ئاڵای ئێرلەندا لە کۆبوونەوەی نێوان سوودانی و میلۆنی دەکەن و رایگەیاند، ئەو شێوە دەرکەوتنەی ئاڵای وڵاتەکەیان بەهۆی ئەو کارتێکردنە بینینانەوە بووە کە لە ئەنجامی وێنەگرتنەکەوە دروستبوون کە مەبەست لێی رەنگە کامێرا یان رووناکیی ژوورەکە یان هەر هۆکارێکی دیکە بێت کە بووبێتە هۆی ئەو شێوە دەرکەوتنە.

 

 
ئاڵای ئیتاڵیا لە رەنگی سەوز، سپی و سوور پێکدێت. هەروەها ئاڵای ئێرلەنداش لە رەنگی سەوز، سپی و پرتەقاڵی پێکدێت و تەنیا یەک رەنگی لە ئاڵای ئیتاڵیا جیاوازە، بۆیە وا بڵاوکرایەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا ئاڵای ئێرلەندا بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دانراوە.
 
باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا باس لەوەش دەکات کە هەموو ئەو ئاڵایەی لە کۆبوونەوەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بەکارهێنراوە، ئاڵای کۆماری ئیتاڵیا بوون.
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى محەممەد شیاع سوودانى لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی سەردانەکەی میلۆنی گوتی، سەرۆکوەزیران و هاوتا ئیتاڵییەکەى پەیوەندیى دوو قۆڵیى نێوان عێراق و ئیتاڵیا و چۆنێتیى بەهێزکردنى هاریکاریی نێوان ئەو دوو وڵاتەیان لە بوارە جیاوازەکاندا تاوتوێ کردووە.