دژەتیرۆری عێراق: لەگەڵ پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی فراوان دژی داعش دەکەین

23-12-2021
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ داعش 206 پەلامار و ھێرشی ئەنجامداوە کە زۆربەیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوون، بە ھۆیەوە 837 کەس بوونەتە قوربانی
تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ داعش 206 پەلامار و ھێرشی ئەنجامداوە کە زۆربەیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوون، بە ھۆیەوە 837 کەس بوونەتە قوربانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

داعش ھێشتا بە 10 ھەزار چەکداری شەڕکەری چالاکەوە لە عێراق و سووریادا ھەن، ئەوە قسەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، زیادبوونی جموجوڵی چەکدارانی داعش ھاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا وەک ھێزە عێراقییەکان دەڵێن.
 
دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئامادەکاریی دەکات بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەش بۆ کۆتاییھێنان بە مەترسییەکانی داعش بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەش هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە و دژەتیرۆری ھەرێمی کوردستان دەکەن.
 
سەباح نەعمان، گوتەبێژی دژەتیرۆری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە زۆر رازین لەو ئاستی کارکردن و هاوئاهەنگییە ھاوبەشەی کە لەگەڵ ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان ھەمانە بەتایبەتی لە ماوەی ئەم ساڵەدا، لەمساڵدا هاوئاهەنگیمان گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر باڵا، مەبەستمان لەگەڵ ھەموو ھێزەکانە لە ھەرێم [ـی کوردستا]، لەگەڵ سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان ھاوئاھەنگیی دەکەین و ئۆپەراسیۆنمان لەگەڵ برایانمان لە پێشمەرگە کردووە و ئەنجامیشی دەیدەنەوە بۆ لەناوبردنی ئەو چەکدارانەی کە ماون."
 
دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆشاییە ئەمنییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان پڕدەکەنەوە، وەزارەتی بەرگریی عێراق راسپێردراوە لیستی مووچە و ناوەکان تۆماربکات، بڕیارە سەرەتای ساڵی 2022 دەست بە مەشق و راھێنان بکەن.
 
تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراقیش ئاماژە بەوە دەکات، "پشتیوان بەخوا لە رۆژانی داھاتوو لە سەرەتای ساڵی نوێ دەست بە میکانیزمی پێکھێنانی ئەو دوو لیوایە دەکەین، ھەروەھا دەست بە مەشق و راھێنان دەکەن، پڕچەک دەکرێن و لەو شوێنانە جێگیردەکرێن کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە و پێوستیان بە کاری ھاوبەشە." 
 
تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ داعش 206 پەلامار و ھێرش، کە زۆربەیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوون، ئەنجامداوە و بە ھۆیەوە 837 کەس بوونەتە قوربانی، ئەوەش وایکردووە پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بە ھاوبەشی و هاوئاهەنگی رێگەی کەمکردنەوەی مەترسیی داعش بگرنەبەر.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە