رووداو دیجیتاڵ
عێراق و هەرێمی کوردستان یاسایەکی هاوبەش بۆ هاتووچۆ دەردەکەن و تاوەکو ئێستاش دوو کۆبوونەوەیان بۆ ئەو مەبەستە کردووە.
رۆژی شەممە 23-11-2024 سامی جەلال، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆیە بۆ تاوتوێکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای هاوبەشی هاتووچۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رەشنووسی پرۆژەیاسایەکی مۆدێرنی هاتووچۆی ئامادەکردووە کە سوودمان لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان، وڵاتانی دەرووبەری و جیهان وەرگرتووە."
سامی جەلال گوتی، "وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەشنووسەکەی زۆر پێ باشە، بۆیە لەسەر بنەمای ئەو رەشنووسە هەردوولا لیژنەیەکیان پێکهێناوە و گفتوگۆ دەکەن."
تاوەکو ئێستا لیژنەکە دوو کۆبوونەوەی کردووە. یەکێکیان لە بەغدا و ئەوی دیکە لە هەولێر. سامی جەلال دەڵێت، دوایین کۆبوونەوە لە هەولێر 10 رۆژ لەمەوبەر کرا.
عێراق و هەرێمی کوردستان دوو یاسای هاتووچۆی تایبەت بە خۆیان هەیە؛ عێراق یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2019ی هاتووچۆی هەیە؛ هەرێمی کوردستانیش یاسای ژمارە 86ی ساڵی 2004.
سەرۆکی لیژنەکەی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، دوای رێککەوتنی هەردوولا، حکومەتی عێراق رەشنووسەکە رەوانەی پەرلەمان دەکات بۆ ئەوەی پەسندبکرێت و ئەوکاتە دەبێتە یاسایەکی هاوبەشی فیدراڵی لە تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێت و هەموو رێنماییەکانی تێدا یەکدەخرێت، بە سزای سەرپێچی هاتووچۆشەوە.
هاوکات حەیدەر محەممەد وائیلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق، رۆژی شەممە 23-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیان کردووە بۆ ئەوەی یاسای هاتووچۆ هەموار بکرێتەوە و سزای سەرپێچیی هاتووچۆ لە عێراق و هەرێمـی کوردستان یەکبخەن.
بە گوتەی عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ رووداو، لە عێراق زیاتر 7 ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو هەن. لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە 2 ملیۆن ئۆتۆمبێل بە فەرمی تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ