وەزارەتی ناوخۆی عێراق: 700 سواڵکەری بیانیمان دەستگیرکرد

23-11-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن سواڵکەر بەغدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانیان، 700 کەسی بیانییان لە بەغدا دەستگیرکردووە، کە لەشەقام و شوێنە گشتییەکان سواڵیان کردووە، سەرجەمیان دیپۆرتی وڵاتەکانیان کراونەتەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری نشینگەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 23-11-2021 لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: "دوای بەدواداچوون بۆ ئەو کەسە بیانییانەی کە لەبەغدا لە نزیک چوارڕێیان و ترافیکلایت و گۆڕەپانە گشتییەکان و شوێنە ئاینییەکان و ئەو شوێنانەی کە بۆ کات بەسەربردنن سواڵدەکەن، هێزەکانمان 700 کەسیان دەستگیرکردووە".
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ: "بەشێک لەو کەسانەی سواڵیان دەکرد جەستەی خۆیان شێواندووە بۆ ئەوەی سۆزی خەڵک و خێرخوازان رابکێشن".
 
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری نشینگەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، دەستگیرکردنی ئەو ژمارە زۆرەی سواڵکەرانی بیانی بەهەوڵی دەزگای هەواڵگریی عێراق و هەواڵگریی بیانییەکان و هێزەکانی ئەو شوێنانە بووە، کە تێیاندا دەستگیرکراون.
 
لەراگەیێنراوەکەدا باس لەوەشکراوە ئەو کەسانە بەهۆی پیشێلکردنی یاسای نشینگەی ژمارە 76ی ساڵی 2017، دیپۆرتکراونەتەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری نشینگەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، داوای لە خەڵک دەکات هیچ بیانییەک لە ماڵەکانیان نەحەوێننەوە لەوانەی کە سەرپێچی یاسا دەکەن و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی یەکسەر هەواڵیان لەسەر بدرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە