عەبادی بۆ مایک پێنس: بەغدا پایتەختی عێراقە نەک هەولێر

رووداو - هەولێر

حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر ئیدانەی سەردانەکەی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق دەکات و دەڵێت: بەغدا پایتەختی عێراقە نەک هەولێر.
 
هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق سەبارەت بە سەردانی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، رایگەیاند "هاوپەیمانی نەسر سەرکۆنەی ئەم سەردانەی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەکات کە سەروەریی پێشێلکردووە".
 
هاوپەیمانی نەسر دەڵێت "بەغدا پایتەختی عێراقە نەک هەولێر و قبووڵکردنی رێکخستنی ئەم سەردانییە کە تەنیا بۆ بنکەی عەین ئەسەد و هەولێر بوو لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، رەتدەکەینەوە".
 
هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی ئاماژە بەوە دەکات "پرسی سەروەریی نیشتمانیی هی کەس نییە بۆئەوەی قوربانی پێبدات، دەبوایە ئەم سەردانییە کە سەروەریی دەوڵەتی عێراقی لەبەرچاونەگرت رەتبکرێتەوە".
 
هەر ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی سەردانەکەی مایک پێنس رایگەیاند "ئەمڕۆ شەممە کاژێر 12ی نیوەڕۆ پەیوەندیی تەلەفۆنی لە نێوان عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکی ئەمریکا هەبوو و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئاسۆی هەماهەنگی هاوبەش و پێشهاتەکانی عێراق و ئەنجامدانی چاکسازی بۆ بەدەنگەوە هاتنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانیان تاوتوێ کرد".
 
ئەمڕۆ شەممە 23-11-2019  مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو لە بنکەی سەربازی ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار نیشتەوە و چاوی بە فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا کەوت. بەڵام لەگەڵ هیچ کام لە سەرکردەکانی عێراق کۆنەبووەوە.
 
دوای سەردانەکەی بۆ بنکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەی لە ئەنبار، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.