میدیای جیهان بە بایەخەوە باس لە سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا دەکەن

23-11-2018
عەلی زەڵمی
وۆڵ ستریت جۆرناڵ: گەرموگوڕی لە پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردەکانی کورد و حکومەتی نوێی عێراق دروست دەبێتەوە کە دوو هاوپەیمانی ئەمریکان و دەکرێت ئەوەش سەقامگیری بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ: گەرموگوڕی لە پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردەکانی کورد و حکومەتی نوێی عێراق دروست دەبێتەوە کە دوو هاوپەیمانی ئەمریکان و دەکرێت ئەوەش سەقامگیری بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە.
نیشانەکردن سەرۆک بارزانی عێراق
A+ A-

رووداو-هەولێر

سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا لە میدیاکانی جیهان بە بایەخەوە باسکراوە. سەردانەکە بە ئاماژەیەک بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەبینن.  

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا فۆکەسی خستووەتە سەر گەرموگوڕی پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردەکانی کورد و حکومەتی نوێی عێراق و ئەو دۆستایەتییە بە گرنگ بۆ ئەمریکاش باسدەکات.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، مەسعود بارزانی، سەرکردەی بەناوبانگی کورد لە بەغدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. 

دەقی راپۆرتەکە لە چەندین ماڵپەڕی جیهانیدا بڵاوکراوەتەوە و لە بەشێکیدا هاتووە، سەردانەکەی بارزانی وەک ئاماژەیەکی دیکەی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و کوردستانی عێراق دەبیندرێت، ئەوەش دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانیان لە دوای گشتپرسییەکەی تایبەت بە سەربەخۆیی باشووری کوردستان. 

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکیش راپۆرتێکی دەربارەی هەمان بابەت بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، گەرموگوڕی لە پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردەکانی کورد و حکومەتی نوێی عێراق دروست دەبێتەوە کە دوو هاوپەیمانی ئەمریکان و دەکرێت ئەوەش سەقامگیری بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە. 

رۆژنامە ئەمریکییەکە دەنووسێت، رۆژی پێنجشەممە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و ئەوەش دوایین ئاماژەیە بەوەی کە کوردەکان و عێراقییەکان بەسەر جیاوازییەکانی نێوانیاندا زاڵ دەبن، دوای ئەوەی ساڵێک پێش ئێستا لە لێواری شەڕی ناوخۆدا بوون. 

ئاژانسی هەواڵی "شینهوا"ی چینیش راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا باسی لە ژمارەیەک لە کۆبوونەوەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەغدا کردووە و لە کۆتاییشدا نووسیویەتی، سەردانەکەی سەرکردە کوردەکە بۆ بەغدا وەک ئاماژەیەک دەبیندرێت بۆ کەمبوونەوەی پەیوەندییە گرژەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەوەش دوای گشتپرسییەکەی تایبەت بە سەربەخۆیی 25ی ئەیلوولی 2017ی باشووری کوردستان. 

رۆژی پێنجشەممە سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و سەرۆکی لیستی دەوڵەتی یاسا و چەند سەرکردەیەکی دیکەی عێراقی کۆبووەوە و ئەمڕۆش لە نەجەف کۆبوونەوەی دەبێت. 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە