ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بەدواداچوون بۆ پرۆسەی سەرژمێری دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بەدواداچوون بۆ پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتوان دەکات. وەزیری پلاندانانیش دەڵێت، سەرژمێری دەرفەتێکی مێژووییە بۆ عێراق.
رۆژی چوارشەممە 23-10-2024، محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجم ئەحمەد عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی دادگەی تەمیزی فیدراڵی و ئەندامیێتی هەریەک لە دادوەر نەجم عەبدوڵڵا ئەحمەد، سەرۆکی داواکاری گشتیی و دادوەر لەیس جەبر حەمزە، سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەریی و مونا عەبدولحوسێن عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی دارایی و کارگێڕی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی پلاندانان، وەزیری پلاندانان لەگەڵ شاندی میوان گەڕانێکی مەیدانیان بۆ دەستەی ئامار و سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان کرد، ئەمەش لەپێناو ئاگاداربوونی شاندی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری سەبارەت بە دوایین ئامادەکارییەکانی وەزارەتی پلاندانان لە هەمبەر رێکارەنی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان و نیشتەجێبوون، لە رۆژانی 20-21ـی مانگی داهاتوو.
شاندەکە، ژووری ئۆپەراسیۆنەکان و سەنتەری داتاکان و گەیاندنی سەرژمێریی دانیشتوانی بەسەرکردەوە. وەزیر روونکردنەوەی وردی دا لەبارەی میکانیزم، رێکار و تەکنیکی بەکارهاتووە بۆ رێکارەکانی سەرژمێریی گشتی و گوتی "سەرژمێرییەکە 100٪ ئەلیکترۆنییە، تاوەکو ئێستا ئەنجامی بەدەستهاتوو دڵنیاکەرە، بەتایبەتی دوای گەیشتنی پرۆسەی گەمارۆسازیی و ژمارەدانان بە رێژەی 97٪، لە هەندێک پارێزگا کارەکانی تەواوبووە".
محەممەد عەلی تەمیم جەختی لەوەکردەوە، سەرژمێری "دەرفەتێکی مێژووییە" بۆ عێراق، بەو پێیەی نەخشەی نوێی دانیشتوان دەکێشێت، وردەکاری لەبارەی دۆخی سەرجەم کەرتەکانی پەرەپێدان لە رووی ژمارەی دانیشتوان، ژمارەی نێر، مێ، خانوو و باڵەخانە، دامەزراوەکان، دۆخی نیشتەجێبوون، تەندروستی، خوێندن، خزمەتگوزاریی، تەمەنی دانیشتوان، ئاستی هەژاریی، بێکاریی و خۆشگوزەرانی لە وڵات، دەدات.
جگە لەمە شاندەکە ئاگادارکرانەوە لە وردەکارییەکانی کاری مەیدانیی، چۆنیێتیی بەدواچوونی جوڵەی سەرژمێرکاران لە مەیدان، ئەنجامی بەدەستهاتوو تاوەکو ئێستا.
دادوەرەکان، ستایشی ئاستی هەوڵ و ئەنجامەکانیان کرد کە وەزارەتی پلاندانانی بەدەستیهێناوە، لەگەڵ وردیی کاری بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی.
هەروەک باسی ئەوەشیانکرد، ئەنجامی ئەو پڕۆژەیە بەهای بەرزی پەرەپێدانی هەیە، هاووڵاتیان لە هەموو بوارەکاندا بەکاری دەهێنن، بە وردی هەموو کێشە و کەلەبەرەکانی پەرەپێدانی وڵات دیاری دەکات. شاندەکە پشتیوانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییان بۆ پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتوان دووپاتکردەوە.