رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەج و عومرەی عێراق، لیستی ناوی کۆمپانیاکانی عومرەی بڵاوکردەوە، بەڵام ناوی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانی تێدانییە. کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، 110 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان هەیە.
دەستەی حەج و عومرەی عێراق دوێنێ سێشەممە، 22-10-2024، بە لیستێک ناوی 87 کومپانیای حەج و عومرەی بڵاوکردەوە، کە لە دەستەکەدا مۆڵەتیان هەیە.
حەج و عومرەی عێراق داوای لە هاووڵاتیان دەکات، کاتێک دەیانەوێ عومرە بکەن دڵنیابن کۆمپانیاکە مۆڵەتی هەیە، یاخودنا، بۆ ئەوەی فێلیان لێ نەکرێت.
بەگوێرەی لیستەکە، 5 کۆمپانیا لە کەرکووک و تەنیا دوو کۆمپانیا لە سلێمانی ناویان لە لیستەکەدا هەیە، هیچ کۆمپانیایەکی دیکەی هەولێر و دهۆکی تێیدا نییە.
رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عەمرە و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 23-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو لیستە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، چونکە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتیان هەیە.
بەگوتەی رێبوار ئازاد، بەگوێرەی تازەترین ئامار، 110 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ