دادگە سکاڵای قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لابراوەکانی نەینەوای رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کارگێڕیی عێراق سکاڵای قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لابراوەکانی نەینەوای رەتکردەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، پێویستە پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە تازە دانراوەکان دەربکات.
رۆژی 2ـی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاری لە بەرپرسانى 17 یەکەى کارگێڕى کرد. کەسە لابراوەکان چوونە بەغدا و لە دادگەی کارگێڕیی سکاڵایان تۆمارکرد.
وێنەیەکی دەقی بڕیاری دادگەی کارگێڕیی عێراق دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە کە دوێنێ سێشەممە 22-10-2024 لەبارەی سکاڵاکە داویەتی و تێیدا هاتووە، "دادگە بە رێککەوتن بڕیاریدا سکاڵای سکاڵاکار رەتبکاتەوە، بەهۆی ئەوەی هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە".
دادگەکە هەروەها دەڵێت، خەرجی، رسوومات و ماندووبوونی پارێزەرەکان دەکەوێتە ئەستۆی سکاڵاکاران.
دانیشتنی دادگەی کارگێڕیی عێراق بە سەرۆکایەتیی راوێژکار عوسمان سەلمان عەبودی و ئەندامێتیی بەشار ئەحمەد محەممەد و عامر زغیری محیسن کراوە و ئەو بڕیارەیان داوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-10-2024، محەممەد جاسم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دادگەی کارگێڕیی عێراق سکاڵای سەرجەم سکاڵاکارانی رەتکردووەتەوە. عەبدولقادر دەخیل، پارێزگای نەینەوا پابەندکراوە فەرمانی کارگێڕی بۆ دەستبەکاربوونی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان دەربکات".
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێکدێت و بەسەر دوو هاوپەیمانی سەرەکی دابەشدەبێت؛ هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو کە 13 کورسی هەیە و پارتی دیموکراتی کوردستانیشی تێدایە، هاوپەیمانێتی نەینەوای داهاتوو کە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تێدایە و 16 کورسییان هەیە.