سوپای ئەمریکا رەتیدەکاتەوە لە دوایین هێرشی سەر عەین ئەسەددا هیچ سەربازێکی ئەمریکی کوژرا بێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم رەتیدەکاتەوە هیچ سەربازێکیان لە هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق کوژرابێت.
 
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، کە دواتر (مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق)، کە گرووپێکی لایەنگری ئێرانە، بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت و رایگەیاند، دوو سەربازی ئەمریکییان کوشتووە. 
 
هەر ئەو رۆژە سەرچاوەیەک لە بنکەکەوە بۆ رووداوی پشتڕاستکردەوە کە کاژێر 1:30ـی بەرەبەیان هێرش کراوەتە سەر بنکەکە، بەڵام ئاماژەی بە هەبوونی هیچ کوژراو و بریندارێک نەکرد. 
 
ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج، هێزەکانی ئەمریکای تێدا دەمێننەوە.
 
ئەوە یەکێک بوو لە زنجیرەیەک هێرش کە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە، کراونەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای هاوپەیمانیی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. ئەمریکاش ترسی خۆی ناشارێتەوە لەوەی شەڕەکە فراوانتر بێت و لایەن و وڵاتی زیاتری ناوچەکە بگرێتەوە؛ بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریداوە هێزی زیاتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیربکات، لە کاتێکدا هاوپەیمانە ئیسرائیلییەکەی خۆی بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەکات. 
 
لە 18ـی تشرینی یەکەمەوە، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار، بنکەی ئاسمانیی هەریر لە شاری هەریری سەر بە پارێزگەی هەولێر و لە بنکەیەکی سەربازیی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە. 
 
تاوەکو سەرەتای ساڵی رابردوو، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی دەبوونەوە، بەڵام هاوینی هەمان ساڵ، عێراق جۆرێک سەقامگیریی بەخۆیەوە بینی و هێرشەکان وەستان. 
 
لە کۆتایی ساڵی 2021ـدا عێراق رایگەیاند ئەرکی هێزە شەڕکەرە بیانییەکان لە وڵاتەکەی کۆتایی هاتووە و ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گۆڕاوە بۆ راوێژدان و مەشقپێکردنی هێزە نێوخۆییەکان. لەو چوارچێوەیەشدا، دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی و هەزار سەربازی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سێ بنکەی سەربازی و ئاسمانیی عێراق و هەرێمی کوردستان ماون.
 
رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2023 ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی لەبارەی دۆخی ناوچەکە و ئاسایشی هاووڵاتییانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، "ئێمە نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت. نامانەوێت هێز و هاووڵاتییەکانمان بکرێنە ئامانج، ئەگەریش رووبدات، ئێمە ئامادەین."
 
هەروەها لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، هەمان هۆشداریی وەزیری دەرەوەی دا و بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، "ئەوەی دەیبینین ئەگەری گرژبوونی دۆخەکە و زیادبوونی هێرشەکانە بۆ سەر هێزەکانمان و هاووڵاتییانمان لە هەموو ناوچەکە''؛ گوتیشی، "ئەمریکا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و هیچ دوودڵیش نابێت و وەڵامی گونجاوی هەبێت." 
 
رۆژی 22-10-2023 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، داوای لە تەواوی ستافە ناپێویست و خێزانەکانیان لە باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا و هەروەها کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کردووە وڵاتەکە جێبهێڵن.