96 ملیۆن دۆلارى دەزگاى هەواڵگریى سەردەمی بەعس دەگەڕێندرێتەوە عێراق

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەى دەستپاکى عێراق گەڕاندنەوەى 96 ملیۆن دۆلاری پارەى عێراقی لە وڵاتانى دەرەوە راگەیاند کە لاى بەرپرسان و دامەزراوەکانى سەر بە دەزگاى هەواڵگریى سەردەمی حیزبى بەعس بووە. 
 
حەیدەر حەنوون، سەرۆکى دەستەى دەستپاکى عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆنامەڤانیدا رایگەیاند، "70 ملیۆن و 610 هەزار و 843 دۆلار لە یەکێک لە بانکەکانى سویسراوە گەڕێندرایەوە، لەلاى بەرێوەبەرى پەیوەندییەکانى دەزگاى هەواڵگرى رژێمى پێشوو بوو کە لە دەرەوەى وڵات کۆچى دوایی کردبوو. ئەو بڕە پارەیە گەڕێندراوەتەوە گەنجینەی دەوڵەت."
 
حەیدەر حەنوون دەڵێت، "26 ملیۆن دۆلارى دیکە گەڕێندراوەتەوە کە پارەى بانکى رەشید بووە و شاردرا بووەوە،  کە پارەى کۆمپانیاى هوداى گەشتیارى ئاینى بوو، لەساڵى 2000 دامەزرا و کارى گواستنەوەى زیارەتکارانى ئێران بوو و سەر بە دەزگاى هەواڵگرى رژێمى پێشوو بوو" و گوتیشى، "ئەو کەسانە سزا دەدرێن کە ئەو بڕە پارەیەیان شاردبووەوە."
 
گەڕاندنەوەى پارەی براوى عێراق لە دەرەوەى وڵاتەوە بەگوێرەى یاساى سندووقى گەڕاندنەوەى پارەى عێراق لە دەرەوەیە کە لەساڵى 2012 لە پەرلەمانى عێراق پەسند کرا. 
 
سەرۆکى دەستەى دەستپاکیى عێراق باسی لەوەش کرد، پێنج ملیار دینارى راوێژکارى دارایی سەرۆکوەزیرانى پێشوو لەگەڵ 500 ملیۆن دینارى کۆمپانیاى پاڵاوگەکانى نێوەڕاست گەڕێندراونەتەوە.