لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی حکومەتەکەی کازمی پێکدێت


رووداو دیجیتاڵ

لیژنەیەکی پەرلەمانی کە نوێنەرانی 4 لیژنە لەخۆ دەگرێت، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری مستەفا کازمی پێکدێت. 
 
رۆژی یەکشەممە 23-10-2022، نووسینگەی راگەیاندنی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەبێت، نوێنەرانی چوار لیژنەی پەرلەمانی بەشدارن، بەمەبەستی بەدواداچوون و وردبینیکردن لە هەموو بڕیارەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر، بە دیاریکراوی لە 10-10-2021 کە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە تاوەکو ئێستا.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە، لیژنەکە ئەندامانی لیژنە پەیوەندیدارەکان لە خۆدەگرێت، کە بریتین لە لیژنەکانی: دەستپاکی، دارایی، یاسایی و وەبەرهێنان. 
 
لەوبارەوە رۆژی یەکشەممە 23-10-2022، دارا سێکانیان، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەی یاسایی ئەو بابەتە تاوتوێ دەکات، ئەوەی پەیوەندی بە لیژنەکەمانەوە بێت، بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵدەستێت".
 
هاوکات خالید سەلیم رێکانی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لیژنەی دەستپاکی لەوبارەوە کۆدەبێتەوە. نوێنەرانی خۆی بۆ ئەو لیژنەیە دیاری دەکات، کە بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی پێکهاتووە.