دەیان پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بەسرە وەستاون
رووداو - بەسرە
لە بەسرە نەبوونی خزمەتگوزاری و قەیرانی دارایی هەیە، دەیان پرۆژەی خزمەتگوزاری و حکومی وەستاون و نەخۆشخانەکان توانای فەراهەمکردنی دەرمان و کەلوپەلی پزیشکییان نییە.کەمی ئاوی خواردنەوە و سوێربوونی گرفتی خەڵکە، بەشی پێوست کارەبا نییە، زبڵ و خاشاک لەسەر شەقامەکان فڕێدراوە، خەڵکی بەسرە گەندەڵی بە هۆکاری دواکەوتویی شارەکە و گرفتە ئابوورییەکان دەزانن.
حوسام مەنسوور، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "زۆر گەشبینین بەسەردانەکەی سەرۆکوەزیران و دامەزراندنی لیژنەیەکی تایبەت و بەدواداچوونی کێشەکان، بەڵام زۆر دڵگران و نیگەران بووین کاتێک دەرەنجامەکانمان بینی بەوەی بەسرە دەبێت لەمەودوا پشت بە داهاتەکان و تواناکانی خۆیەوە ببەستێت و چیدی گرێبەست بۆ مامۆستایانی نەکات، بەبێ گوێدانە بەر نەهامەتییەکانی رۆڵەکانی بەسرە لە کاتێکدا ئەم پارێزگایە پێویستیی زۆری بەدابینکردنی گوژمەیەکی باش هەیە بۆ بەڕێوەبردنی مەلەفی تەندروستی و هەمان شت بۆ کەرتی پەروەردەش هەیە".
نەهامەتی خەڵکی بەسرە هەرگیز کۆتایی نایەت بەهۆی بوونی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی و بەهەدەردانی داهاتی گشتیی کە هەموو جومگەکانی ئەم پارێزگایەی تەنیوە، ئەو پارێزگارەی کە بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهات کە دەگوترێت بۆ دەرەوەی وڵات دەرباز بووە، چەندین کەیسی هەڵپەسێردراو و چەکی زۆر بەگوژمەی زیاتر لە 119 ملیار دۆلاری بەدوای خۆی جێ هێشتووە.شارەزایان جەخت دەکەنەوە، پێدانی پرۆژەکانی دروستکردنی رێگاوبان و قیرتاوکردن بۆ کۆمپانیاکانی نزیک لە کەسانی خاوەن بڕیار کە هیچ شارەزایی و کارامەیی و ئەزموونێکیان نییە، رێگەیان خۆشکردووە بۆ بەهەدەردانی ملیارەها دۆلار بێ ئەوەی سوودێکیان هەبێت بۆ پارێزگاکە.
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن