دادوەریی عێراق بۆ دادگەکان: رێوشوێنى تووند بەرامبەر ئەو بزووتنەوانە بگرنەبەر کە کارى نابەجێ دەکەن

23-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق فەرمانی بە دادگەکان کرد "رێوشوێنى یاسایی تووند" دژى هەندێک لەو بزووتنەوە و گرووپە ئایینییانەى کە بەم دواییە دەرکەوتوون بگرنەبەر و بە مەترسی بۆ سەر ژیانى هاووڵاتییان ناویان دەبات. 
 
ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا بوو کە رۆژی دووشەممە 23ى ئەیلوول بڵاویکردەوە.
 
فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق ئاماژەى بەوەداوە کە ئەو گرووپ و بزووتنەوانە بە ناوى جیاوازن و هەندێک ئایین و مەزهەبیان کردووەتە رووپۆشى کارەکانیان.
 
فایەق زێدان ئەو کارە بە نابەجێ ناودەبات، بە جۆرێک لەگەڵ بەها و بنەماکانى ئەو ئایین و مەزهەبانە ناگونجێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەندێک لەو گرووپ و بزووتنەوانە بوونەتە مەترسی بۆسەر ژیانى هاووڵاتییان و شوێنکەوتووانى ئایین و مەزهەبێکى دیاریکراو. 
 
دیارترین ئەو گرووپەى بەم دواییە دەرکەوتووە، بریتیە لە بزووتنەوەى "عەلاهیە" کە بە "قوربانیش" دەناسرێت.
 
یەکەم دەرکەوتنی ئاشکراى ئەو گرووپە لە ساڵى 2020 لە پارێزگاى زیقار بوو و دواتر لە پارێزگاکانى دیوانییە، بەسرە و میسان دەرکەوت و یەکێک لە سرووتەکانیان خۆکوشتنە وەک قوربانى بۆ ئیمام عەلى.
 
سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق 23ـی ئەیلوول نووسراوێکى ئاراستەى سەرۆکایەتییەکانى دادگەى تێهەڵچوونەوە، داواکارى گشتى، سەرۆکایەتیى سەرجەم دادگاکانى پێداچوونەوە کرد بۆ ئەوەى رێوشوێن دژى ئەو گرووپانە بگرنەبەر.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە