موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق: هێرشمان کردە سەر یەکەى گۆلانى زایۆنی

23-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گرووپە چەکدارە شیعەکانى نزیک لە ئێران کە خۆیان بە (موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق) دەناسێنن، دەڵێن، لە رێگەى درۆنەوە ھێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکى سوپاى ئیسرائیل. ئەوە شەشەم هێرشە ئەو هێزانە ئاماژە بە ئەنجامدانى لە کەمتر لە 24 خولەکدا دەکەن.
 
(موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق) لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە داوە، ھێرشەکە بەیانیى ئەمڕۆ دووشەممە 23ى ئەیلوول کراوەتە سەر بنکەى چاودێریى لیواى گۆلانی سوپاى ئیسرائیل.
 
لیواى گۆلان یەکەیەکى سەربازیى سوپاى ئیسرائیلە و بە ناوى بەرزاییەکانى گۆلانەوەیە کە ناوچەیەکە لە بەرزاییەکانی سووریا و بەشێکی لە ژێر دەستی سوپای ئیسرائیلدایە. ئامانجى سەرەکى ئەو هێزە چاودێریکردنى ئەو بەرزاییانەیە.
 
ئەوە دووەم هێرشە لە کەمتر لە 24 کاژێردا کە (موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق) ئاماژە بە ئەنجامدانى بۆ سەر ئیسرائیل بکات.
 
یەکشەممە 22ى ئەیلوول، ئەو هێزە رایگەیاند کە بە درۆنێکى جۆرى ئەرفەد هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێکى ئیسرائیل لە ناوچەى گۆر ئوردن لەسەر دەریاى مردوو وەک پێنجەم هێرش کە گوایە لەو رۆژەدا کردوویەتی.
 
بانگەشەى (موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق) بۆ ئەنجامدانى ئەو ھێرشانە بۆ سەر ئیسرائیل لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵاى لوبنان زیادیانکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە