رووداو دیجیتاڵ
دواى نووسینى 20 ملیۆن پەڕەى تایبەت بە تاوانەکانى داعش و کۆکردنەوەى 52 تێرابایت بەگەڵنامە، تیمى یونیتادى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پاش شەش ساڵ کارکردن عێراقى بەجێهێشت. ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری بەنیازە تیمێکى هاوشێوە پێکبهێنێت بۆ تەواوکردنى ئەو کارانەى بەجێى هێشتوون.
17ى ئەیلوول، تيمى لێکۆڵینەوەى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ لێپێچینەوە لەبارەى تاوانەکانى داعش (یونیتاد) ئەرکەکەى کۆتاییهات، کە لە ساڵى 2018وە لە عێراق کارى دەکرد.
کۆمەڵێک رێکخراو لە هاوپەیمانێتییەکدا کۆبوونەتەوە بەناوى هاوپەیمانیى قەرەبووکردنەوەى دادپەروەرانە، کاریان بەدواداچوونە بۆ دۆسیەى تاوانەکانى داعش و قوربانییانى شنگال.
حەسەن جەمیل، بەرپرسی گرووپى دادپەروەریى تاوانکاریی لە هاوپەیمانیى قەرەبووکردنەوەى دادپەروەرانە لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق رایگەیاند، "حکومەتى عێراقى یەکلایەنە کۆتایی بە کارى یونیتاد هێناوە، ئێمە وەکو رێکخراوەکان لە دژى بووین و کارەکانى تەواو نەکردبوو، یەکێک لە پێشنیازەکانی یونیتاد ئەوە بووە کە دوو ساڵ کارەکانیان درێژ بکرێتەوە، بەڵام بەغدا رژد بوو لەسەر بڕیارەکەى خۆى."
یەکێک لە پێشنیازەکان، بە گوتەی حەسەن جەمیل، "ئەوە بوو کە بەڵگەنامەکانى داعش کە یونیتاد کۆیکردوونەتەوە، لە ناوەندێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵیبگرێت بۆئەوەى وڵاتانى دیکەش سوودى لێ ببینن، بەڵام حکومەتى فیدراڵى تائێستا قایل نەبووە کە ئەو هەنگاوە بنرێت."
دەشڵێت، "لەگەڵ ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى کۆبووینەوە و بڕیاری داوە ناوەندێکى نیشتمانى دروست بکات وەکو جێگرەوەى یونیتاد."
بەگوێرەى راپۆرتێک کە یونیتاد لە 17ى ئەیلوول بڵاویکردووەتەوە، لەو شەش ساڵەدا 21 هەڵسەنگاندن و راپۆرتى شیکارى، 20 ملیۆن پەڕەى تایبەت بە داعش و گۆڕى بەکۆمەڵ و وەردەکارى دیکەى تاوانەکانى کۆکردووەتەوە، لەگەڵ 15 دامەزاوەى عێراقى بۆ ئامادەکردنى ئەو راپۆتانە کارى کردووە، 52 تێرابایت زانیارى کۆکردووەتەوە و پاراستوویەتى و داوێتى بە ئەرشیڤى نەتەوە یەکگرتووەکان و قسەى لەگەڵ 270 شایەتحاڵى راستەوخۆى تاوانەکانى داعش کردووە.
دوایین راپۆرتى یونیتاد سێ رۆژ بەر لەدەستبەردابوونى لە ئەرکەکەى لە عێراق بڵاوی کردەوە، لەسەر گرتنى گرتووخانەى بادوش بوو لە شارى موسڵ کە تێیدا زیاتر لە هەزار بەندکراوى شیعە کوژران.
یەکێک لەو پرسانەى کە رۆیشتنى یونیتاد بە هەڵپەسێردراوى دەیهێڵێتەوە، گۆڕە بەکۆمەڵەکانى کوردانى ئێزدى و داداگەییکردنى تاوانبارانى کومەڵکوژییە لە شنگال.
حەیدەر ئیلیاس، راوێژکارى رێکخراوى نۆرفى سەر بە وەزارەتى دەرەوەى نەرویج بۆ کاروبارى کوردانى ئێزدى لە بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى: "دەکرێت لە دادگەکانى عێراق پشت بە راپۆرتەکانى یونیتاد ببەسترێت لە داداگەییکردنى تاوانبارانى داعش لەو دۆسیانەى پەیوەندارن بە کۆمەڵگوژى کوردانى ئێزدى، بەتایبەت کە زانیارییەکانى لەسەر بنەماى گوتەى کچە ئێزدییە زرگارکراوەکانن، بەڵام عێراق دەیەوێت جارێکى دیکە گوتە لەو رزگاربووانە وەربگرێتەوە."
حەیدەر ئیلیاس ئاماژەى بەوەدا کە سیاسەتى حکومەتى فیدراڵى بەرامبەر بە پێکهاتەکانى ئێزدى و کریستیان ئەرێنى نییە، مەترسیش هەیە کە دواى رۆیشتنى یونیتاد هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەکانى ئێزدییەکان دوابکەوێت و بیبەستنەوە بە نەبوونى تواناوە.
رێکخراوى داعش 2014 شارى موسڵ و دواتر نزیکەی سێیەکى خاکى عێراقى داگیرکرد، ساڵى 2017 هێزە ئەمنییەکانى عێراق و پێشمەرگە بە هاوکارى هاوپەیمانی نێودەوڵەتى دژ بە داعش سەرجەم ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکردنەوە کە لەژێر دەستی ئەو گرووپە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ