وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ رووداو: بە ئەمریکییەکانمان گوت کێشەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کۆبووینەوە و پرسیاریان لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد، ئێمەش پێمان گوتن "پەیوەندییەکانمان باشن و ئەو کێشانەی لەنێوانماندا ماون، چارەسەریان دەکەین."
رۆژی شەممە 23ـی ئەیلوولی 2023 د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تاوەکو ئێستا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبوونەبووینەتەوە بۆ ئەوەی لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکەین، بەڵام لە کۆبوونەوەی دیکەدا ئەو پرسەمان لەگەڵ باس کردوون."
د. فوئاد حوسێن باسی لەوە کرد؛ زیاتر لە 50 کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرس و نوێنەری وڵاتانی جیهان کردووە، دەشڵێت "لەبارەی دۆخی عێراق، بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دوولایەنە، پرسی ئابووری و ئەمنی گفتوگۆمان کردووە.''
شاندی عێراق لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، "پرسیاریان لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لێکردین."
د. فوئاد حوسێن گوتی لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەمریکا، لە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان پرسیوە، ''ئێمەش روونمان کردەوە، پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان باشن، کۆمەڵێک گرفت هەن کە بەشێکیان چارەسەرکراون و بەشەکەی دیکەش چارەسەر دەکەین."
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەیدا؛ "دەبێ ئەو پرسە چارەسەر بکرێت، یان دەبێت بە گوێرەی یاسای بودجە چارەسەربێت، یاخود دەبێ لە داهاتوودا بەشێک لە یاساکە لە پەرلەمان بگۆڕدرێت."