700 خێزانی ئاوارە گەڕانەوە سەعدییە و 'دۆسیەی ئاوارەکان دادەخرێت'
رووداو دیجیتاڵ
700 خێزانی ئاوارەی ناحیەی سەعدییەی سەر بە قەزای خانەقین لە سنووری پارێزگای دیالە، دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان لە سەعدییە و بەهۆی ئەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکەدا باڵادەستن، پرۆسەکە بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر بەڕێوەدەچێت.
هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر، لە گوتارێکدا بۆ ئەو ئاوارانە گوتی، "درووشممان ئەوەبوو 'سەرکەوتن تەواو نابێت، تاوەکو ئاوارەکان نەگەڕێنەوە'، هەموو هەوڵێکیشمان دا، ناوچەکان ئازادبکرێن و ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە، ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم بە گەڕانەوەی کەسوکارمان بۆ ئەو ناوچانە. داوای لێبووردنیان لێدەکەین کە گەڕانەوەیان دواکەوت، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو دواکەوتنە خزمەتگوزاری بوو، سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ برایانی سەعدییە گەڕانەوە."
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی 9ـی ئابی 2023 نووسراوی بۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەران کرد لەبارەی ئاوارەکانی سەعدییە، تێیدا پابەندی دەکات بە پێشکێشکردنی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی گەڕاندنەوەی 13 هەزار خێزانی سەعدییە، کە وردبینیی ئەمنییان بۆ کراوە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
زۆربەی کوردانی سەعدییە نەگەڕاونەتەوە و هێشتا لە خانەقین، گەرمیان و سلێمانی و ناوچەکانی دیکەن، بەپێی ئاماری ساڵی 1957، کورد 80%ـی دانیشتووانی سەعدییەی پێکدەهێنا، بەڵام بەهۆی بەعەرەبکردن و پەلاماری گرووپە پەڕگیرەکان دوای ساڵی 2003، تەنیا هەزار و 500 خێزانی کورد لە سەعدییەدا ماون.
بەگوتەی ئەحمەد زرگوشی، بەڕێوەبەری ناحیەکە، ئەمە دوایین کاروانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەعدیەیە و دۆسیەی ئاوارەکان دادەخرێت، بەڵام دەیان خێزانی دیکە هێشتا ماون و پێویستییان بە رەزامەندی ئەمنییە بۆ گەڕانەوە.
موسەننا تەمیمی، پارێزگاری دیالە لەدوای هادی عامری گوتارێکی بۆ ئاوارەکان پێشکێش کرد و گوتی "پلانی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە حەوزی حەمریندا، زۆر سەخت و دژوار بوو، ناوچەکە شوێنێکی سەختە، ئاستی خزمەتگوزاری تێیدا بە تەواوی داڕووخا بوو، گەڕانەوەی ئاوارەکانیش بە سووربوونی هەوڵی هەمووان بوو."
لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، چوار هەزار خێزانی ئاوارە بۆ هەشت ناوچەی دیالە گەڕاونەتەوە، بەگوتەی عەباس فەریداوی، ئەندامی لیژنەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی دیالە، 300 بۆ 400 خێزانی ئاوارەی دیالە بەهۆی رێگری و تۆڵەکردنەوەی هۆزایەتییەوە، ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.