عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر لەبارەی رێگەی گەشەپێدان کۆدەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لیژنەى وەزارى و هاوئاهەنگیی چوار قۆڵیى عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر بۆ رێگەى گەشەپێدان، هەفتەی داهاتوویان دیاریکرد بۆ ئەوەى دووەم کۆبوونەوەیان بکەن.
 
عەبدولقادر ئورالئۆغڵو، وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، رۆژی 29ـی مانگ، لیژنەى وەزارى و هاوئاهەنگیى چوار قۆڵیى عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر بۆ رێگەى گەشەپێدان، دووەم کۆبوونەوەى خۆیان دەکەن.
 
عەبدولقادر ئورالئۆغڵو دەڵێت، کۆبوونەوەکە کاژێر 14:00 لە کۆشکی دۆڵمە باخچە سەرای لە ئیستەنبووڵ دەکرێت و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە رێگەی گەشەپێدان دەکرێت.
 
کۆبوونەوەى لیژنەى وەزارى و هاوئاهەنگیى ئەو چوار وڵاتە دواى واژۆکردنى لێکتێگەیشتنێکى چوار قۆڵى پێکهێندرا کە 22ى نیسان بەسەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە بەغدا واژۆ کرا.
 
یەکەم کۆبوونەوەی لیژنە وەزارییە چوار قۆڵییەکە لە مانگی حوزەیران لە بەغدا کرا و تێیدا هەر چوار وڵات لیژنەی تەکنیکییان پێکهێنا بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو کارانەی لیژنە سەرەکییەکە پێیان رادەسپێرن.
 
درێژیی رێگەی خێرای پڕۆژەکە هەزار و 131 کیلۆمەتر و رێگەی هێڵی ئاسنینیش هەزار و 201 کیلۆمەتر دەبێت؛ دیزاینە سەرەتاییەکە 75%ـی  تەواو کراوە و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولدا کۆتایی بێت.
 
رێگەی گەشەپێدان، بەندەری فاو بە تورکیاوە دەبەستێتەوە؛ تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە و چاوەڕوان دەکرێت قۆناخی یەکەمی لە 2028 تەواو بێت، قۆناخی دووەم ساڵی 2033 و قۆناخی سێیەم و کۆتاییش ساڵی 2050 تەواو بێت.