رووداو دیجیتاڵ
ئەفسەرێکی سوپای عێراق بە پلەی عەقید لەنێو ماڵەکەی خۆی لە بەغدا کوژرا. فەرماندەیی پۆلیسی رەسافەی بەغدا دەڵێت، بکوژ پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ هاوژینی ئەفسەرەکە هەیە.
ئەمڕۆ هەینی، 23ـی ئابی 2024، عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی رەسافەی بەغدا بە رووداوی گوت، "دوای ئەوەی هەواڵمان پێگەیشت کە لە ناوچەی زەعفەرانییە تەقە لە ئەفسەرێکی سوپا کراوە بە پلەی عەقید، دەستبەجێ یەکەی پۆلیسی زەعفەرانییەمان رەوانەی شوێنەکە کرد و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا".
عەمید حوسێن عەلی گوتیشی، "دوای کۆکردنەوەی زانیاری و تەماشاکردنی کامێراکانی چاودێری، بۆمان دەرکەوت بکوژ پەیوەندی لەگەڵ خێزانی کوژراوەکە هەیە. بکوژ لە ماڵەکەدا بووە و لە کاتی گەڕانەوەی عەقیدەکە بۆ ماڵەوە لەوێ بووە و ئەویش تەقەی لێکردووە و کوشتویەتی بۆئەوەی بتوانێت هەڵبێت".
سەبارەت بە گرتنی بکوژ، عەمید حوسێن عەلی گوتی، "هێزەکانمان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بکوژیان لە ناوچەی سووق شەلال دەستگیرکرد و رادەستی لایەنی دادوەرییان کرد".
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆ، ساڵی 2023 لە عێراق 5300 رووداوی کوشتن تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ