رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانى عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى دەستى بەعس تاوتوێ دەکرێت، کە بەر لە 14 ساڵ بەهەمان ناوەوە هەبووە، لە گۆڕانکارییەکانیدا، بوونی نوێنەرى هەرێمى کوردستان لە لیژنەیەکى باڵا دەرهێنراوە.
یەکێک لەو گۆڕانکارییانەى کراوە، نوێنەرى هەرێمى کوردستان لە لیژنەیەکى ناوەندیى لادراوە کە پێشتر لەیاساکە هەبووە، کاری لیژنەکە وردبینى داواکاریى قەرەبووکردنەوەکان و بڕیاردانە لێى.
شوان محەممەد، جێگرى سەرۆکى لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانى سیاسیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەوەی لە یاسای پێشتر هەبووە زۆر بە وردەکاریی بووە ئەگەر وابێت بۆچى یاسایەکى دیکە دەربکرێت، لابردنى نوێنەرى هەرێمى کوردستان لە لیژنەى ناوەندیى یەکێکى دیکەیە لە تێبینییەکان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە".
بەگوێرەى مادەى سێى یاساکەى ساڵى 2010، لیژنەیەکى ناوەندى لە وەزارەتى دارایی فیدراڵ پێکدەهێندرێت کە لە سێ ئەندام پێکدێت لە نوێنەرانى وەزارەتى دارایی و دادى حکومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان کە بە پلەى بەڕێوەبەرن.
چرۆ حەمە شەریف، ئەندامى لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانى سیاسیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "پڕۆژەیاساکە نێردراوە بۆ لیژنەى یاسایی تاوەکو بەراوردى بکات لەگەڵ یاساکەى ساڵى 2010، ئەو لیژنە ناوەندییەى لە یاساکەدا باسکراوە پێشتر بەو شێوەیە کارا نەبووە کە نوێنەرى هەرێمى کوردستانى تێدا بێت، لە دواى خوێندنەوەى یەکەم رێگریمان لێکردووە تاوەکو نوێنەرى هەرێمى کوردستانى تێدابێت".
پڕۆژەیاساکە لە ساڵى 2023ـەوە لە بەردەم پەرلەمانە و خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کراوە، تایبەتە بە پرۆسەى قەرەبووکردنەوەى ئەو کەسانەى موڵک و ماڵیان بەدەستى رژێمى پێشوو زیانیان پێگەیشتووە کە تاوەکو ئێستا هەرێمى کوردستانى نەگرتووەتەوە، هەرچەندە یاساکە نوێنەریشی لە لیژنە ناوەندییەکە بۆ داناوە.
لە هۆکارى دەکردنى پڕۆژەیاسا نوێیەکەدا ئاماژە بەوە دراوە دەرکردنى یاساکە بۆ گەڕاندنەوە مافە بۆ قوربانیانى هەردوو ناوچەى دوجەیل و بەلەد کە دوو ناوچەى شیعەن، ئەوەش تێبینییەکى دیکەى سەر پڕۆژەیاساکەیە.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانى سیاسیى پەرلەمانى عێراق گوتى: "کورد و سوننە تێبینییان هەیە لەسەر هۆکارى دەرکردنى یاساکە هەیە کە تەنیا ناوى بەلەد و دوجیڵ هاتووە، وەک کورد داوامان کردووە یان لابرێت یان باسی هەڵەبجە و ئەنفالیش بکرێت."
حەسەن سالم، سەرۆکى لیژنەى شەهیدان و قوربانییان و زیندانیانى سیاسی پەرلەمانى عێراق لە 24ى تەممووز چوار نووسراوى ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەولێر و بەغدا کردووە لەبارەى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى دەستى بەعس لە هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى ئەو قەرەبووە بیانگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ