بەهۆى چلەى ئیمام حوسێنەوە لە چوار شوێن 268 ملیۆن پەیوەندیى تەلەفۆنى کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە دوو هەفتەى مەراسیمەکانى یادى چلەى ئیمام حوسێن لە چوار ناوچەى عێراق، زیاتر لە 268 ملیۆن پەیوەندیى تەلەفۆنى لە ناوخۆ و زیاتر 10 ملیۆن پەیوەندى تەلەفۆنى لە عێراقەوە لەگەڵ دەرەوە کراوە. قەبارەى گواستنەوەى زانیارییەکان لە رێگەى هێڵەکانى تەلەفۆنەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 13  هەزار تێرابایت.
 
وردەکاریى ئەو ئامارانە لەلایەن دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق بڵاوکراوەتەوە.
 
لە ئامارەکەدا هاتووە، لە ماوەى 13 رۆژ لە مەراسیمەکانى چلەى ئیمام حوسێندا لە  کەربەلا، نەجەف، ناوچەى کازمیەى بەغدا و قەزاى سامەراى پارێزگاى سەلاحەدین، 268 ملیۆن و 728 هەزار و 434 پەیوەندى تەلەفۆنى ناوخۆیی کراوە، هەروەها 10 ملیۆن و 588 هەزار و 752  پەیوەندى تەلەفۆنى لەناو عێراقەوە لەگەڵ دەرەوە کراوە. 
 
25ى ئاب یادى چلەى ئیمام حوسێن، سێیەم ئیمامى شیعەکانە و زیارەتکاران لە ناوەوە و دەرەوەى عێراق سەردانى شارى کەربەلا دەکەن کە مەزارگەى ئەو ئیمامەى لێیە، هەندێک لە زیارەتکاران سەردانى سامەرا و کازمییە و مەزارى ئیمام عەلى-یش لە نەجەف دەکەن.
 
بە گوێرەى ئامارەکەى دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکان، لەو 13 رۆژەدا 30 ملیۆن و 803 هەزار و 330 نامە لە رێگەى مۆبایلەوە لەگەڵ دەرەوە ئاڵوگۆڕکراوە، گواستنەوەى زانیارییش لەهەمان رێگەوە بە قەبارەى 13 هەزار و 440 تێرا بایت بووە.
 
بەگوێرەى نوێترین ئامار کە دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق کە 23ى ئاب بڵاویکردووەتەوە، ژمارەى زیارەتکارانى بیانى کە سەردانى عێراقیان کردووە، گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 133 هەزار و 432 کەس.