هیومەن رایتس وۆچ داوا لە حکومەتی عێراق دەکات رەشنووسی یاسای دژی هاوڕەگەزخوازان بکشێنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رەخنەی لە رەشنووسی یاسایەک گرت کە بۆ قەدەخەکردنی هاوڕەگەزخوازی لە پەرلەمانی عێراقە و، دەڵێت ''دەبێت یەکسەر بکشێندرێتەوە." 
 
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) ئەمڕۆ (چوارشەممە، 23-8-2023) بەناونیشانی "رەشنووسی یاسای دژ بە کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان بخەن"، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەڵێ "پێویستە حکومەتی عێراق یەکسەر ئەو رەشنووسی یاسایە بکێشێنێتەوە کە خراوەتە بەردەم پەرلەمان و تێیدا سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەو کەسانە پێشنیازکردووە بۆ رەفتاری سێکسیی هاوڕەگەخوازان و زیندانیکردن بۆ گوزارشتکردن لە تێپەڕاندنی جێندەر، ئەگەر پەسەندبکرێت؛ ئەو پڕۆژەیاسایە مافە سەرەکییەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات."
 
رۆژی 15ـی ئابی 2023، رائید مالیکی، ئەندامی سەربەخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەران رەشنووسی یاسایەکی پێشکێشکرد کە ئامانج لێی هەمووارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی ژمارە 8ـی ساڵی 1988ـە، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی هاوڕەگەزخوزان و گوزارشتکردن لە تێپەڕاندنی جێندەری، بەتاوان بناسێنێت.
 
پڕۆژەیاساکە وەکو رێکخراوەکە ئاماژەی بۆ کردووە پەیوەندییە سێکسییە هاوڕەگەزخوازییەکان بە لەسێدارەدان، یان زیندانیی هەتاهەتایی سزا دەدات، هەروەها رەواجدان بە هاوڕەگەزخوازی بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە حەوت ساڵ کەمتر نەبێت و پێبژاردن سزا دەدات، وەکو رێکخراوەکە روونیکردووەتەوە.
 
ئەوەشی گوتووە، لێکچوواندن بە ئافرەتانیش بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت سزا دەدات.
 
هاوکات رائید مالیکی کاتێک رەشنووسی یاساکەی پێشکێشکرد، گوتوویەتی ئامانج لێی پاراستنی کۆمەڵگەی عێراقە لە لادان و ئەو بانگەشانەی بۆ هاوڕەگەزخوازی دەکرێن.
 
رەشا یونس، توێژەری یەکەم لە مافەکانی کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان بە هیۆمەن رایتس وۆچی گوتووە "رەشنووسە پێشنیازکراوەکە هەڕەشە لە ژیانی ئەو عێراقییانە دەکات کە لە بنەڕەتدا رووبەڕووی ژینگەیەکی دژ بە ئەندامانی کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان دەبنەوە، یاسادانەرانی عێراق لەو رێگەیەوە پەیامێکی ترسناک بە کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان دەگەیێنن، کە پێیاندەڵێت گوزارشتکردنتان تاوانە و ژیانیان هیچ بایەخێکی نییە."
 
هیومەن رایتس وۆچ دەشڵێت، رەشنووسی یاساکە هیچ جیاوازییەکی لەنێوان پەیوەندییە سێکسی هاوڕەگەزخوازان و لادانی سێکسی نەکردووە کە پەیوەندییە لەنێوان دوو کەسی هەمان رەگەز، ئەگەر بۆ سێ جار دووبارە ببێتەوە، باسی لەوەشکردووە کە سزای ئەوانە زیندانیکردنە بۆ ماوەی حەوت ساڵ و پێبژاردنێک کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر و 15 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت بۆ ئەو کەسانەی، بانگەشە بۆ لادانی سێکسی دەکەن و ئەوە تۆمەتێکی نادیارە. 
 
هەروەها ئەوەشی گوتووە، ئەو کچانەی رەگەزی خۆیان دەگۆڕن سزاکەیان لەنێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ یان پێبژاردنێک لەنێوان 5 بۆ 10 ملیۆن دینار دەبێت. جگە لەوەی بەپێی یاساکە ئەو کەسانەی رەگەزی خۆیان دەگۆڕن لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ سزا دەدرێن.
 
رێکخراوەکە دەڵێت کردنە ئامانجی ئەندامی ئەو کۆمەڵگەیە لەسەر ئینتەرنێت و ئەو تووندوتیژییەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لە دژیان دەکرێت، سزای کەسی تێدا نادرێت لەوانەی ئەو تووندوتیژییانە دەکەن.
 
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، ئەوەشی روونکردووەتەوە لە 8ـی ئابی 2023، دەستەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی عێراق رێنماییەکی دەرکرد بە گۆڕینی وشەی هاوڕەگەزخوازی بە" شاز"، هەروەها بڕیاریدا وشەی جێندەر قەدەخە بکرێت، رۆژی 31ـی ئایاریش دادگەیەک لە هەرێمی کوردستان رێکخراوی راسانی داخست کە "لەبواری هاوڕەگەزخوازی چالاکیی هەبووە."
 
هاوکات باسی هەوڵی ژمارەیەک پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیشی کردووە کە مانگی ئەیلوولی 2022 پێشنیازێکیان بۆ قەدەخەکردنی بانگەشەکردن بۆ هاوڕەگەزخوازی پێشکێشیکرد.