دوای پەرلەمان، سەدرییەکان دەسەڵاتی دادوەرییان لەکارخست

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریاندا سەرجەم کارەکانیان و دادگە پەیوەندیدارەکانیان رابگرن، ئەویش بەهۆى مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر لەبەردەم بارەگاى ئەو ئەنجوومەنە

23-08-2022

18:52

سەدر داوا لە لایەنگرانی دەکات لەبەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بکشێنەوە

لایەنگرێکی سەدر لەبەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، وێنە: Ahmad Al-rubaye / AFP

رووداو- هەولێر 

وەزیری سەدر ئامۆژگاریی لایەنگرانی سەر بە رەوتەکەی دەکات لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق بکێشنەوە، بەڵام هەندێک چادر بهێڵنەوە، ئەوەش وەکو ناڕەزاییەک لەبەرامبەر ئەوەی کە وەکو خۆی دەڵێت، دادگە هەندێک دۆسیەی یەکلانەکردووتەوە.
 
ساڵح محەممەد عێراقی، وەزیری سەدر رۆژی سێشەممە 23-8-2022 لە تویتێکدا لە هەژماری تویتەری خۆی گوتی: "لەنێو دامەزراوەی دادوەرییدا زۆر هەن حەزیان لە چاکسازییە و داوای لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران دەکەن؛ ئەگەر لەوەشدا خەمساردی هەبێت، ئەوە بەهۆی گوشاری سیاسیی گەندەڵکارانە بەرامبەریان، ئەگەر بکرایە، ئەوا بەردەوام دەبووم لە مانگرتن لەبەردەم دادگەی باڵا بۆ هاندانی بۆ چاکسازیی و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران". 
 
ساڵح محەممەد عێراقی دەشڵێت: "بۆ پاراستنی ئابڕووی شۆڕشگێڕانی خۆشەویست، بۆ ئەوەی زیان بە گەل نەگات، ئامۆژگاریی کشانەوە دەکەم؛ هەروەها داوا دەکەم چادرەکان بمێننەوە و سلۆگانی ( گردبوونەوەی شەهیدانی سپایکەر) و ( خەڵکی موسڵ) و ( گەڕانەوەی پارەی دزراو) و ( لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران)، ( دوورخستنەوەی گەندەڵکاران) و ( جیاکردنەوەی داواکاری گشتی) و (دادگەی سەربەخۆ و پاک) بهێڵدرێنەوە".
 
ساڵح محەممەد عێراقی لە درێژەی تویتەیەکدا بۆ لایەنگرانی رەوتەکەی دەشڵێت: "بەردەوامیی گردبوونەوەتان لە بەردەم پەرلەمان، بڕیاری گەلە و لە ئەستۆی منیشە ئامۆژگاریتان بکەم و بڕیاریش بڕیاری هەمووتانە؛ منیش تەنیا کەسێکم، لە ئێوەم و بۆ ئێوەم."
 
بەیانیی رۆژی سێشەممە 23ى ئابى 2022، لایەنگرانى رەوتى سەدر مانگرتنیان بردە بەردەم بارەگاى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و داوا دەکەن رۆڵی هەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانى عێراق.
 
دوای ئەوە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریاندا سەرجەم کارەکانیان رابگرن.
زیاتر بخوێنەوە

18:29

نێچيرڤان بارزانی: عێراق چیدیکە به‌رگه‌ى ئه‌م هه‌موو ‏قه‌يرانه‌ سه‌خت و بارگرژييه‌ ‌ناگرێت

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
 
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەبارەی پەکخستنی دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە دەڵێت، "دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات." هەروەها راشیگەیاند، "عێراق چیدیکە به‌رگه‌ى ئه‌م هه‌موو ‏قه‌يرانه‌ سه‌خت و بارگرژييه‌ ‌ناگرێت."
 
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، به‌وپه‌ڕى "په‌رۆشى" و "نيگه‌رانييه‌وه"‌ له‌ پێشهاته‌ سياسييه‌كانى عێراق ده‌ڕوانن كه "تا‏دێت ‌به‌ ئاراسته‌ى په‌رته‌وازه‌يى و قووڵتربوونه‌وه‌ى زياترى قه‌يرانه‌كان و ‏دووركه‌وتنه‌وه‌ى ئاسۆى چاره‌سه‌ر ده‌ڕۆن." 
 
ماوەی زیاتر لە 10 مانگە هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوە حکومەت پێکبهێنن. نێچيرڤان بارزانى باسی لەوە کرد، "دۆخه‌كه‌‌ وا خه‌ريكه‌ داهاتووى وڵات و ‏ئاشتيى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌خاته‌ مه‌ترسييه‌كى جیدييه‌وه‌ و كۆى پڕۆسه‌ى سياسى و ‏حوكمڕانى و دامه‌زراوه‌كان په‌كده‌خات." 
 
رۆژی سێشەممە 23-8-2022، لایەنگرانى رەوتى سەدر بەشێک لە مانگرتنەکەیان لە بەردەم پەرلەمانەوە بردە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراق و داوا دەکەن پەرلەمانى عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە. لە دوای مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی دادوەری، ئەنجوومەنەکە و دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، بڕیاریاندا سەرجەم کارەکانیان و دادگە پەیوەندیدارەکانیان رابگرن.  
 
بەگوتەی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، خۆپێشاندانى مه‌ده‌نيى ئاشتيانه‌، مافێكى ره‌وا و ده‌ستووريى پارێزرا‌وه‌، به‌ڵام ‏په‌كخستنى دامه‌زراوه‌ى دادوه‌رى دۆخه‌كه‌ "ئاڵۆزتر" ده‌كات. 
 
نێچيرڤان بارزانى داوا لە لایەنەکان و خۆپێشاندەران دەکات دامەزراوەکان و ئاشتيى كۆمه‌ڵايه‌تى بپارێزن ‏و "له‌ ره‌وتى ئاشتييانه ‌و مه‌ده‌نى دوورنه‌كه‌ونه‌وه‌."
 
رەوتی سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت دەکات؛ چوارچێوەی هاوئاهەنگیش دەڵێن: بە مەرجی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و گۆڕینی یاسا و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەو داوایە رازی دەبن. سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دەڵێت، "وڵات چيدیکە به‌رگه‌ى ئه‌م هه‌موو ‏قه‌يرانه‌ سه‌خت و بارگرژييه‌ ‌ناگرێت و درێژه‌كێشانى زياترى ئاڵۆزى دواجار به‌ ‏زيانى ته‌واویى گه‌لى عێراق ته‌واو ده‌بێت." 
 
گرژییەکانی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ئاستێکی بەرزدان و لایەنگرانی هەردوولا مانگرتنیان لە بەغدا راگەیاندووە. نێچيرڤان بارزانى گوتی، "ئێمه ‌له‌ هه‌رێمى كوردستان جارێكى ديكه جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ وه‌ک هه‌ميشه‌ ‏به‌شێكين له‌ چاره‌سه‌ر و هه‌موو هاوكارييەک ده‌كه‌ين بۆ لێكگه‌يشتن و پێكهاتنى ‏لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان." 
 
رۆژی سێشەممە 23-8-2022، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە سەرکردە سیاسییەکانى عێراق کرد کۆبوونەوەیەکى "بەپەلە" ئەنجام بدەن بۆ کاراکردنى دیالۆگى نیشتمانی و هێورکردنەوەی دۆخەکە. 
 
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "وڵات پێويستى به‌ گفتوگۆيه‌كى جیديى نيشتمانى و ‏به‌رپرسيارانه‌ى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانه‌ بۆ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى ‏ده‌ستوور، هه‌ر ئه‌وه‌ش‌ ‌تاكه رێگه‌ى دروسته‌ بۆ ده‌رچوون له‌ قه‌يران و بنبه‌ستى ‏سياسى و گه‌ياندنى وڵات به‌ كه‌نارى ئارامى." 
زیاتر بخوێنەوە

17:22

چوارچێوەی هاوئاهەنگی: داگیرکردنی دامەزراوەکان رەتدەکەینەوە و گفتوگۆ لەگەڵ رەوتی سەدر ناکەین

کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی

رووداو-هەولێر

چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەموو پەیامێکی لە رەوتی سەدر و گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ ئەو رەوتە رەتکردەوە تاوەکو پەشیمان نەبێتەوە لەوەی ناوی لێناوە: "داگیرکردنی دامەزراوە دەستوورییەکانی دەوڵەت و باوەڕبوون بە چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراسییانە"، هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات هەڵوێستی بەرامبەر بەو رەفتارەی لایەنگرانی سەدر هەبێت.
 
رۆژی سێشەممە، 23ـی ئابی 2022، چوارچێوەی هاوئاهەنگی، مانگرتنی ئەمڕۆی لایەنگرانی سەدری لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەری سەرکۆنە کرد و لەراگەیێندراوێکدا بە "داگیرکردنی دامەزراوە دەستوورییەکان"ـی ناوی برد و رایگەیاند: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرکۆنەی تەواوی ئەو پێشێلکارییە مەترسیدارە بۆ سەر دامەزراوەی دادوەری و هەڕەشەکانی کوشتن بەرامبەر سەرۆکی دادگەی دەستووری دەکات و داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانییە بەڕێزەکان و چالاکییە کۆمەڵگەییەکان دەکات بێدەنگ نەبن، بەڵکو دەستپێشخەربن بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم دەستدرێژییە."
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ رەوتی سەدر و پەیامەکانی ئەو رەوتە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "پێشوازی لە هیچ پەیامێک لە رەوتی سەدریییەوە یان هەر بانگەشەیەک بۆ گوتوبێژی راستەخۆ لەگەڵ ئەو رەوتە ناکەین، تاوەکو لە داگیرکردنی دامەزراوە دەستوورییەکانی دەوڵەت پەشیمان نەبێتەوە و نەگەڕێتەوە بۆ ریزی ئەو هێزانەی باوەڕیان بە چارەسەرییە ئاشتییە دیموکراسییەکان هەیە."
 
راگەیێندراوەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەکاتێکدایە، بەیانیی رۆژی سێشەممە 23ى ئابى 2022، لایەنگرانى رەوتى سەدر بەشێک لە مانگرتنەکانیان بردە بەردەم بارەگاى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و داوا دەکەن پەرلەمانى عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە مانگرتنەکەی ئەمڕۆی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەری و راشیدەگەیێنێت "سەرجەم بەرپرسیارێتیی پاراستنی موڵکەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و ژیانی فەرمانبەران و بەرپرسان بەتایبەت دەسەڵاتی دادوەری کە تاکە پارێزەری ئاسایشە لە عێراقدا مابێتەوە" لە ئەستۆی رەوتی سەدرە "ئەوەش بەهۆی خۆسەپاندنی هێزەکانی لادەر لە دەوڵەت بەسەر دامەزراوەکان و سەپاندنی ئیرادەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت."
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا لە گەلی عێراقیش دەکات ئامادەبن بۆ هەر هەنگاوێکی داهاتوو و روونیشیدەکاتەوە کە گەلی عێراق بە هەموو توێژەکانییەوە "دەبێت ئامادەکاریی تەواو بکەن و تەواو ئامادەبن بۆ هەنگاوی داهاتوو کە پێویستە گەل قسەی خۆی لە دژی رفێنەرانی دەوڵەت بکات لە پێناو گێڕانەوەی شکۆ و دەسەڵاتەکەی."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە بەشی زۆری لایەنە شیعەکان لەخۆدەگرێت، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستی روونی هەبێت لە بەرامبەر ئەو "دەستدرێژییە مەترسیدارە"ـی رەوت سەدر لەسەر دامەزراوە دەستوورییەکان و لەسەروویانەوە دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان.
 
دوای مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەى بەوە داوە کە لەگەڵ دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەردەم بارەگاى ئەنجوومەنى دادوەرى لەبارەى بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق و دەڵێت، "لەڕێگەى نامەى تەلەفۆنییەوە هەڕەشەمان پێگەیشتووە بۆ گوشارخستنەسەر دادگە."
 
ئەو رووداوە ناڕەزایەتی و نیگەرانیی بەشێک لە سیاسەتمەدار و دامەزراوەکانی لێکەوتەوە، بەشێکی دیکەش بەتایبەت سەدرییەکان وای دەبینن گەل سەرچاوەی هەموو دەسەڵات و هێزەکانە و خۆپێشاندان مافێکی سەرەکیی گەلە.
 
زیاتر بخوێنەوە

17:00

یونامی: رێز لە دامەزراوەکانی دەوڵەت لەنێویاندا ئەنجوومەنی دادوەری بگیرێت

لایەنگرانی سەدر لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، وێنە: Ahmad Al-Rubaye / AFP

رووداو-هەولێر

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریکردنی عێراق- یونامی لەبارەی مانگرتنی لایەنگرانی سەدر لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ناڕەزایەتیی دەربڕین رەگەزێکی سەرەکیی دیموکراسییە، بەڵام پێویستە رێز لە دامەزراوەکانی دەوڵەتیش بگیرێت، لەنێویاندا ئەنجوومەنی باڵای دادوەری.
 
رۆژی سێشەممە، 23ـی ئابی 2022، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریکردنی عێراق-یونامی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکانی ئەمڕۆی عێراق و مانگرتنی لایەنگرانی سەدر لەبەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە بەغدا رایگەیاند: "مافی ناڕەزایەتیی دەربڕینی ئاشتییانە رەگەزێکی سەرەکییە لە رەگەزەکانی دیموکراسییەت، جەختکردنەوە لە ملکەچبوون بۆ دەستوور و رێزگرتن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، هیچی کەمتر نییە لەو پرسە، پێویستە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەبێ تەگەرە خزمەتی گەلی عێراق بکات، لەنێویدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەری."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 23ى ئابى 2022، لایەنگرانى رەوتى سەدر بەشێک لە مانگرتنەکەیان بردە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و داوا دەکەن پەرلەمانى عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
دوای ئەوە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەى بەوە داوە، لەگەڵ دادگەى باڵاى فیدراڵى کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنى دادوەرى لەبارەى بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق و دەڵێت، "لەڕێگەى نامەى تەلەفۆنییەوە هەڕەشەمان پێگەیشتووە بۆ گوشارخستنە سەر دادگە."
 
ئەو رووداوە ناڕەزایەتی و نیگەرانیی بەشێک لە سیاسەتمەدار و دامەزراوەکانی لێکەوتەوە، بەشێکی دیکەش بەتایبەت سەدرییەکان وای دەبینن گەل سەرچاوەی هەموو دەسەڵات و هێزەکانە و خۆپێشاندان مافێکی سەرەکیی گەلە.
 
زیاتر بخوێنەوە

14:45

سەندیكای پارێزەران: راگرتنی کاری دادگەکان لە عێراق کاریگەریی لەسەر دادگەکانی هەرێمی کوردستان نابێت

سەندیكای پارێزەرانی كوردستان
 
جێگری سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان رایگەیاند، راگرتنی کارەکانی ئەنجوومەنی دادوەری لە عێراق کار لەسەر بەڕێوەچوونی کارەکانی دادگەکان لە هەرێمی کوردستان ناکات و دادگەکان ئەمڕۆ کاری خۆیان کردووە، بەڵام کاریگەریی لەسەر کاری بەشێک لە پارێزەران لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
هەڤاڵ عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لەبارەی بڕیارەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق بۆ راگرتنی کارەکانی، دوای ئەوەی بەشێک لە لایەنگرانی رەوتی سەدر چوونە بەردەم ئەنجوومەنەکە و مانگرتنیان راگەیاند، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارەکانی دادگەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هیچ کاریگەرییەکی ئەو دۆخەی بەغدا و راگرتنی کاری دادگەکان بەسەر دادگەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە نییە، دادگەکان ئەمڕۆ ئیشوکار و مامەڵەی هاووڵاتییان و پارێزەرانیان راییکردووە و هیچ گرفتێک لەئارادا نییە."
 
جێگری سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان گوتیشی، "ئێمەش لە سەندیکای پارێزەران کارەکانی خۆمان دەکەین و هیچ کێشەیەکمان نییە."
 
هەڤاڵ عەبدوڵڵا گوتیشی، "بەشێک لە پارێزەران ناسنامەی هەردوو سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و عێراقیان هەیە، هەروەها بەشێک لە پارێزەرانی کوردستان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ناتوانن کارەکانیان لە ناوچەکانیان بکەن، جگە لەوە بەشێک لە پارێزەرانی هەرێمی کوردستان کە دۆسیە و کەیسیان لە دادگەکانی دیکەی عێراق هەیە، ناتوانن کارەکانیان بکەن."
 
بەیانیی رۆژی سێشەممە 23ى ئابى 2022، لایەنگرانى رەوتى سەدر مانگرتنیان بردە بەردەم بارەگاى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و داوا دەکەن پەرلەمانى عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
دوای ئەوە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەى بەوە داوە، لەگەڵ دادگەى باڵاى فیدراڵى کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر لەبەردەم بارەگاى ئەنجوومەنى دادوەرى لەبارەى بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق و دەڵێت، "لەڕێگەى نامەى تەلەفۆنییەوە هەڕەشەمان پێگەیشتووە بۆ گوشارخستنە سەر دادگە."
 
زیاتر بخوێنەوە

14:42

محەممەد حەلبوسی: نابێت ناکۆکیمان لەگەڵ دادگە بێت، کە پەناى بۆ دەبەین

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق
 
سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، پاڵپشتیى خۆپێشاندان دەکەن بەگوێرەى چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەکان، بەڵام "نابێت ناکۆکییەکانمان لەگەڵ دادگە بێت، کە هەمووان پەناى بۆ دەبەین، ئەگەر ناکۆک بووین."
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە تویتێکدا نووسیویەتی، "پاڵپشتیى خۆپێشاندانەکان دەکەین لە چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەکان کە دەوڵەت و بوون و دامەزراوەکانى بپارێزێت، بەڵام ناکرێت ناکۆکییەکانمان لەگەڵ دادگە بێت کە هەمووان پەناى بۆ دەبەین کاتێک ناکۆک دەبین."
 
ئەو هەڵوێستەى حەلبوسی هاوکات بوو لەگەڵ مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر لەبەردەم ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى لە بەغدا، کە داوادەکەن پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.
 
لە تویتێکى دیکەدا محەممەد حەلبووسی ئاماژەى بەوە داوە، بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنى کۆتایی ساڵى رابردوو لەپاش ناڕەزایەتیى جەماوەرى بووە بۆ گۆڕینى حکومەت و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە، "ئەوەى ئێستا پێی گەیشتووین پاشەکشێیەکى زیاترە لەوەى کە پێشتر تێیدا بووین، لەڕێگەى پەکخستنى دامەزراوە دەستوورییەکان."
 
حەلبووسی داوا دەکات، هەمووان لە ئاستى بەرپرسیارێتیدا بن بۆ دەربازکردنى وڵات لەو "قەیرانە خنکێنەرەى" کە بە گوتەى ئەو "بەرەو نەمانى شەرعیەت دەڕوات."
 
بەیانى ئەمڕۆ 23ى ئابى 2022، لایەنگرانى رەوتى سەدر مانگرتنیان بردە بەردەم بارەگاى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و داوا دەکەن پەرلەمانى عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
لەدوای مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی دادوەری، ئەنجوومەنەکە و دادگەى باڵاى فیدراڵى، بڕیاریاندا سەرجەم کارەکانیان و دادگە پەیوەندیدارەکانیان رابگرن. ئۆباڵى ئەنجامەکانى ئەو دۆخەش دەخەنە ئەستۆى حکومەت و ئەو لایەنە سیاسییەى کە لەپشت مانگرتنەکانە.
 
زیاتر بخوێنەوە

14:39

لێکۆڵینەوە لە هەڕەشەکردن لە دادگەى فیدراڵیى عێراق دەستیپێکرد

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق
 
دادگەى لێکۆڵینەوەى یەکەمى کەرخ لە بەغدا دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد لەبارەى هەڕەشەکردن لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، لەپاش ئەوەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى رایگەیاند، بە نامەى تەلەفۆن هەڕەشە لەو دادگەیە کراوە.
 
رۆژی 23ى ئابى 2022، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دەستیان بە گرتنەبەرى رێوشوێن کردووە لەبارەى هەڕەشەکردن لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "دادگەى لێکۆڵینەوەى یەکەمى کەرخ لە بەغدا دەستیکردووە بە کۆکردنەوەى بەڵگە لەبارەى تاوانى هەڕەشەکردن لە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق و گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایى بەرامبەر هەڕەشەکاران."
 
ئەوەش لەپاش ئەوە دێت کە بەیانى ئەمڕۆ 23ى ئاب، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیاریاندا سەرجەم کارەکانیان و دادگە پەیوەندیدارەکانیان رابگرن بەهۆى مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر لەبەردەم بارەگاى ئەو ئەنجوومەنە. ئۆباڵى ئەنجامەکانى ئەو دۆخەش دەخاتە ئەستۆى حکومەت و ئەو لایەنە سیاسیەى کە لەپشت مانگرتنەکەوەیە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى پێشووى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، بە نامەى تەلەفۆنى هەڕەشە لە دادگەى باڵاى فیدراڵى کراوە.
 
بەیانیى ئەمڕۆ 23ى ئابى 2022، لایەنگرانى رەوتى سەدر مانگرتنیان بردە بەردەم بارەگاى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و داوا دەکەن پەرلەمانى عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

14:18

کازمی داوای کۆبوونەوەی 'بەپەلە' دەکات

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانى عێراق
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەهۆی خۆپێشاندانەکانی عێراقەوە زووتر لە میسر گەڕایەوە، کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەیەکی پێنج قۆڵی لەو وڵاتە بوو؛ دوای گەڕانەوەشی داوای کۆبوونەوەیەکەی "بەپەلە"ی لە سەرکردە سیاسییەکان کرد.
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە سەرکردە سیاسییەکانى عێراق کرد کۆبوونەوەیەکى "بەپەلە" ئەنجام بدەن بۆ کاراکردنى دیالۆگى نیشتمانی و هێورکردنەوەی دۆخەکە.
 
23ى ئابى 2022 مستەفا کازمى کۆتایی بە سەردانەکەى هێنا بۆ میسر و گەڕایەوە بەغدا بە مەبەستى چاودێریکردنى دۆخى ئێستاى عێراق.
 
کامى هۆشداری دەدات لە پەکخستنى دامەزراوەى دادوەرى و دەڵێت، "ئەو هەنگاوە وڵاتە رووبەڕووى مەترسیی راستەقینە دەکاتەوە."
 
هۆشدارییەکەى سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە کە بەیانیى ئەمڕۆ لایەنگرانى رەوتى سەر لەبەردەم ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى مانگرتنیان راگەیاند و داواى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانیان کرد.
 
کازمی دەڵێت، "مافى خۆپێشاندان بەگوێرەى دەستوور دەستەبەر کراوە، بەڵام گرنگە رێز لە دامەزراوە دەستوورییەکان بگیرێت."
 
زیاتر بخوێنەوە

14:15

فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرکردەیەکی رەوتی سەدر دەرچوو

سەباح ساعیدى
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق رایگەیاند، بە تاوانى هەڕەشەکردن لە دادگە، فەرمانى دەستگیرکردن بۆ سەباح ساعیدى، یەکێک لە سەرکردەکانى رەوتى سەدر دەرچوو. 
 
رۆژی 23-8-2022، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد کە دادگەى لێکۆڵینەوەى کەرخ فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ سەباح ساعیدى دەرکردووە بەتۆمەتى هەڕەشەکردن لە دادگە.
 
سەباح ساعیدى یەکێکە لە سەرکردەکانى رەوتى سەدر و بەیانیی ئەمڕۆ لە تویتێکدا رایگەیاند "هیچ رۆژێک بەیەک مەودا دوور نەبوون"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ دادگەى عێراقی کە چەندینجار ئەوەى دووپاتکردووەتەوە کە بەیەک مەودوا لە هەموو لایەنەکانەوە دوورە.
 
دەرکردنى ئەو فەرمانى دەستگیکردنەی دادگەی فیدراڵیی عێراق دوای ئەوە دێت کە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى رایگەیاند، کە لەدوای مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر لەبەردەم بارەگاى ئەو ئەنجوومەنە، ئاماژەى بەوەدا کە بە نامەی تەلەفۆنیی هەڕەشە لە دادگە کراوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:05

دوای پەرلەمان، سەدرییەکان دەسەڵاتی دادوەرییان لەکارخست

خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر لەبەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق . وێنە؛ مستەفا گۆران - رووداو
خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر لەبەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق . وێنە؛ مستەفا گۆران - رووداو
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریاندا سەرجەم کارەکانیان و دادگە پەیوەندیدارەکانیان رابگرن، ئەویش بەهۆى مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر لەبەردەم بارەگاى ئەو ئەنجوومەنە. ئۆباڵى ئەنجامەکانى ئەو دۆخە دەخاتە ئەستۆى حکومەت و ئەو لایەنە سیاسیەى کە لەپشت مانگرتنەوەکەیەوە.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەى بەوە داوە، لەگەڵ دادگەى باڵاى فیدراڵى کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەردەم بارەگاى ئەنجوومەنى دادوەرى لەبارەى بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق و دەڵێت، "لەڕێگەى نامەى تەلەفۆنییەوە هەڕەشەمان پێ گەیشتووە بۆ گوشارخستنە سەر دادگە."
 
بەگوێرەى بەیاننامەکە، بڕیاریانداوە کارەکانى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و دادگەى باڵاى فیدراڵى و دادگە پەیوەندیدارەکانیان رابگرن بەرانبەر ئەو "مامەڵە نادەستووری و نایاساییانەى" کە کراون.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى ئەنجامى ئەو دۆخە دەخاتە ئەستۆى حکومەتى عێراق و ئەو لایەنە سیاسیەى کە لەپشت ئەو هەنگاوەیە.
 
بەیانیی رۆژی سێشەممە 23ى ئابى 2022، لایەنگرانى رەوتى سەدر مانگرتنیان بردە بەردەم بارەگاى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و داوا دەکەن پەرلەمانى عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە.
 

 

 

زیاتر بخوێنەوە