یاسای حەشدی شەعبی تاوتوێ دەکرێت و حەلبووسی رەخنەى لێدەگرێت

23-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق دوایین کۆبوونەوە لەبارەى تێبینییەکانى سەر پڕۆژەیاسای حەشدى شەعبی دەکات بەر لەوەى چوارشەممە خوێندنەوەى یەکەمی بۆ بکرێت. سەرۆکى پێشووى پەرلەمان رەخنە لە پڕۆژەیاساکە دەگرێت بەوەى رێگر نییە لە گوشارخستنەسەر کارمەندانیان بۆ دەنگدان. 
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى هاوپەیمانیى تەقەدووم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، پڕۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینىی حەشدی شەعبی خوێندووەتەوە و هیچ مادەیەکى تێدانییە بۆ سەربەخۆیی دامەزراوەى سەربازیى و ئەمنى کە لە دەستوور هاتووە: "ئەوە ناچارمان دەکات سەرۆکى دەستەکە سەرۆکی حیزبێکى سیاسی بێت و دەستەکە و هێزەکانى بەگوێرەى تێڕوانین و میتۆدى سیاسیى خۆى، بەکاربهێنێت."
 
ئەو رەخنەیەى محەممەد حەلبووسی لە پڕۆژەیاساکە بەر لە رۆژێکە لە خوێندنەوەى یەکەم لە پەرلەمان بۆ پڕۆژەیاساکە.
 
محەممەد حەلبووسی دەڵێت: "هیچ مادەیەک لە پڕۆژەیاساکەدا نییە رێگەیان پێنەدات ئاماژە بدەنە کارمەندانى حەشدی شەعبی و عەشایەرى و ناچاریان بکەن دەنگ بە بەربژێرێکى دیاریکراو بدەن."
 
پڕۆژەیاساکە بۆ رێکخستنى کار، مووچە و خانەنشینى و پلەکانى نێو دەستەى حەشدی شەعبیە. یەکەم جارە لە دواى 2014ـەوە کە ئەو هێزە دامەزراوە، بەو شێوەیە یاسای بۆ دەربکرێت.
 
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەمڕۆ 23ـى تەممووز لیژنەکەیان لەبارەى پڕۆژەیاساکە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەى تێبینییەکانى سەرى چاکبکرێت تاوەکو بۆ خوێندنەوەى یەکەم ئامادە بێت."
 
رەشنووسی ئەو پڕۆژەیاسایە لە ساڵى 2019ـەوە ئامادە کراوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لەسەر نێوەڕۆکەکەى، لە پەرلەمان پەسند نەکرا. 
 
فالح فەیاز، سەرۆکى دەستەی حەشدی شەعبییە، لە هەمانکاتدا سەرۆکى پارتى عەتای شیعەیە. 
 
محەممەد حەلبووسی لە نووسینەکەیدا دەڵێت: "لە پڕۆژەیاساکەدا دەستەواژە و داڕشتەیەکى روون و ئاشکراى تێدا نییە رێگە بە سەرۆکى پارتى عەتا نەدات ئەو دامەزراوەیە بۆ ئامانجى حیزبى و تایبەت بەکاربهێنێت و دوور لە ئامانج و ئەرکە دەستوورییەکان بۆ پاراستنى ئاسایش و بەرگریکردن لە وڵات و گەل".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە