یاسای لێخۆشبوونی گشتی؛ سێ دێڕ و سێ ساڵ مشتومڕ


رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای لیخۆشبوونی گشتی دەکات، کە تەنیا یەک بڕگەیە. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی دەڵێت بەشێک لەو کەسانەی ئێستا لە زیندانەکانن، بە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە ئازاد دەکرێن.

بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 24ـی تەممووزی 2024، پەرلەمانی عێراق دەنگدان، خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پێنج پڕۆژە و پێشنیازەیاسا بکات، یەکێک لەوانە خوێندنەوەی یەکەمە بۆ هەمواری یاسای لێخۆشبوونی گشتی، کە زیاتر لە سێ ساڵ دەبێت ناکۆکیی لەسەرە.
 
هەموارەکە زیادکردنی سێ دێڕە بۆ سەر بڕگەی دووەمی مادەی چواری یاسای لێخۆشبوونی گشتی ژمارە 27ـی ساڵی 2016. هەرچەندە بڕگە زیادکراوەکە پێناسەی تاوانی پەیوەندیکردنە بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان، کە بەپێی هەموارەکە ئەم کەسانە دەگرێتەوە:
 
- ئەو کەسانەی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان کاریان کردووە.
- خەڵکی لەو رێکخراوانە کردووەتە ئەندام.
- کاری تاوانکاریی بۆیان کردووە.
- بەهەر شێوەیەک بێت یارمەتیی کاری تیرۆریستیی کردبێت.
- ناوی لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا هەبێت.
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "راستە هەموارەکە چەند دێڕێکی کەمە، بەڵام خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت و گفتوگۆ و راپۆرتی لەبارەوە ئامادە دەکرێت، بۆیە زیاتر وردەکاریی دەبێت."
 
ئەو پێشنیازە بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەهۆی گرتنی ژمارەیەکی زۆر لەو خەڵکانەیە کە لە زیندانەکاندان و رەنگە بەبێ تاوان دەستگیرکرابن، کە بەشی زۆریان سوننە مەزهەبن. سێکانیانی دەڵێت: "ئەوە داواکاریی لایەنە سوننەکانی نێو پەرلەمانی عێراقە، لە کارنامەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانیش باسی ئەوە کرابوو ئەو بابەتە یەکلایی دەکرێتەوە."
 
پێشتر لە 1ـی ئەیلوولی 2016، سەرۆککۆماری عێراق یاسای لێخۆشبوونی گشتیی واژۆکرد کە پێش ئەوە پەرلەمان پەسندی کردبوو، یاساکە لە 16 مادە پێکدێت، بەشێک لە سوننەکان هەموارکردنەوەی بە پێویست دەزانن و دەڵێن بەهۆی یاسای تیرۆرەوە ژمارەیەکی زۆر لە سوننەکان کە بەشێکیان بە 10 هەزار کەس و هەندێک زیاتریش مەزەندەیان دەکەن بە پاساوی پەیوەندیی بە تیرۆر یان هەواڵدانی ناڕاستەوە دەستگیرکراون، بەشێکیشیان چەندین ساڵە بەبێ دادگاییکردن ماونەتەوە.