سوننەکان کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەیەکى چوارچێوەى هاوئاهەنگیی شیعەکان رایگەیاند، لایەنە سوننەکان پێیان راگەیاندوون کۆبوونەوەیەک دەکەن بۆ یەکلاکردنەوەى پرسی پۆستى سەرۆکى پەرلەمان و پێشنیازێک لەو بارەیەوە دەدەنە هاوپەیمانیى تەقەدووم بۆ دەستبەرداربوون لەو پۆستە. 
 
رەحیم عەبوودى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لایەنە سوننەکان لەسەر پرسی پۆستى سەرۆکى پەرلەمان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و، پێیان راگەیاندوون زۆرینەى لایەنەکانیان کۆبوونەوەیەک دەکەن بۆ ئەوەى پێشنیازێک بدەنە هاوپەیمانیی تەقەدووم بە سەرۆکایەتى محەممەد حەلبووسی بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو پۆستە.
 
لە 14ـی تشرینى دووەمی پارەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، ئەویش بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بە لێسەندنەوەى ئەندامیێتى لە محەممەد حەلبووسی، کە سەرۆکى پەرلەمان بوو.
 
رەوتەکەى رەحیم عەبوودى بەشێکە لە هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى، گوتى "ئەگەر هەیە کۆتایی ئەم هەفتەیە لایەنە سوننەکان ئەو کۆبوونەوەیە بکەن، پێشتر 20ـی تەممووز دیاریکرابوو بۆ پێشکێشکردنى بەربژێرەکەیان، بەڵام نەیانتوانى تاوەکو ئەو رۆژە بگەنە رێککەوتن." 
 
دوو جار پەرلەمان دانیشتنى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکەکەى کردووە و هەردوو جارەکە لە گەڕى دووەمى دەنگداندا، دانیشتنەکە هەڵگیراوە. دوایین کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ ئەو پرسە لە 18ـی ئایار بوو، رکابەرییەکە لە قۆناخى دووەمدا لەنێوان مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوى  راگیرا.
 
ئەندامەکەى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە گوتى "هەڵبژاردن بۆ سەرۆکى پەرلەمان ناگەڕێتەوە بۆ قۆناخى کردنەوەى دەرگاى خۆبەربژێریکردن، سوننەکان پێشنیازێک دەدەنە حەلبووسى بۆ دەستبەردابوون لە بەربژێرەکەى تاوەکو لە بەرامبەردا پۆستى دیکەى لە حکومەت پێبدرێت." 
 
لەنێو لایەنە سوننەکان تاوتوێى چەند سیناریۆیەک کراوە، ئەوانیش: یەکلاکردنەوەى پۆستەکە لە گەڕى دووەمى دەنگدان لەنێوان سالم عیساوى و مەحموود مەشهەدانى، یان پەنابردن بۆ بەربژێرى سێیەم، یان دەستبەرداربوونى پارتى تەقەدووم لەو پۆستە بۆ هاوپەیمانیى سەروەرى، تاوەکو لەبەرامبەردا وەزارەتەکانى بازرگانی و پەروەردەیان پێبدەن.
 
سالم عیساوى، بەربژێرى هاوپەیمانیى سەروەرییە و مەحموود مەشهەدانى بەربژێرى هاوپەیمانى تەقەدوومە.
 
لە گەڕى یەکەمى دەنگداندا بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان لە 19ـی ئایاری 2024، سالم عیساوی 158 دەنگى بەدەستهێنا، مەحموود مەشهەدانى 137 دەنگى بەدەستهێنا، دەبووایە گەڕى دووەمى دەنگدان بکرێت، ئەوەى زۆرینەى دەنگەکانى بەدەستهێنا ببێتە سەرۆکى پەرلەمان، بەڵام پشێوى کەوتە کۆبوونەوەکە و دەنگدانەکە نەکرا.