حکومەتی عێراق فەرمانگەکانی ئاگادار دەکاتەوە پەکەکە وەک رێکخراوێکی "قەدەخەکراو" ناوبهێنن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداریێتیى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق فەرمانگەکانی حکومەت ئاگادار دەکاتەوە لە نووسراوەکانیاندا پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) وەکو رێکخراوی قەدەخەکراو ناوبهێنن.
ئەو نووسراوە لە 14ـی تەممووزى 2024 دەرکراوە و ئەمڕۆ (سێشەممە، 23ـی تەممووز) گەیشتووەتە پەرلەمانى عێراق.
نووسراوەکە لەلایەن فەلاح عەبوودى، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى کاروبارى کارگێڕى لە ئەمینداریێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانەوە نێردراوە.
سۆران عومەر، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، نووسراوەکە گەیشتووتە فراکسیۆنەکان و بەشەکانى دیکەى پەرلەمان.
لە نووسراوەکەدا هاتووە؛ لەسەر بنەماى نووسراوێکى فەرمانگەى کاروبارى ئەنجوومەنى وەزیران و لیژنەکان لە ئەمینداریێتى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران، کە لە 28ـی ئایارى 2024 دەرچووە، سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی داوە کاتێک لە نووسراوەکاند ناوی پەکەکە دەهێندرێت بنووسن "پارتى کرێکارانى کوردستانى قەدەخەکراو."
سۆران عومەر گوتی "بەگوێرەى ئەو نووسراوە بێت، ئیدى حکومەتى فیدراڵى وەک پارتێکى قەدەخەکراو مامەڵە لەگەڵ پەکەکەدا دەکات."