هۆشداری دەدرێتە هێزە ئەمنییەکانى نەینەوا: 470 داعش دەیانەوێت لە سووریاوە دزە بکەن

23-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هۆشدارى دەدرێتە هێزە ئەمنییەکانى نەینەوا لە ئەگەرى دزەکردنى 470 چەکدارى داعش لە سووریاوە بۆ نێو خاکى عێراق، کە بە بڕیارێکى لێبووردنى گشتى لەلایەن هەسەدە ئازاد کراون.  
 
بەگوێرەى هۆشدارییەکى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى رۆژئاواى نەینەوا، کە لە 22ـی تەممووز ئاراستەى دەزگا ئەمنییەکانى شارەکەى کردووە، هۆشدارییان دەداتێ لە ئەگەرى هەوڵى دزەکردنى 470 ئەندامى داعش، لە سووریاوە بۆ نێو خاکى عێراق. چەکدارەکان بەشێکن لەو هەزار و 200 چەکدارە عێراقی و بیانییانەى داعش کە لە 21ـی تەممووز لەلایەن هێزەکانى سووریا دیموکرات (هەسەدە) بە لێبووردنى گشتى ئازادکراون.
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو 470 چەکدارەی داعش زۆرینەیان خەڵکى شارى موسڵن و لە دواى ئازادکردنى شارەکە لە ساڵى 2017 لە دەستى داعش، بەرەو سنوورى سووریا هەڵاتوون و لەوێ دەستگیرکراون.
 
بەگوێرەى هۆشدارییەکەى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى رۆژئاواى نەینەوا، ئەو زانیارییانەیان لەبارەى ئەگەرى دزەکردنى چەکدارەکان لە رێگەى زانیاریى هەواڵگرییەوە پێگەیشتووە، بۆیە داوا لەهێزە ئەمنییەکان دەکات لەوپەڕى ئاگاییدا بن و رێوشوێن بگرنەبەر بۆ رێگرى لێیان.
 
محەممەد کاکەیی گوتى "ئەو چەکدارانەى داعش ناتوانن بە فەرمى بگەڕێنەوە، چونکە داواکراون و دەستگیر دەکرێن، بۆیە ئەگەر هەیە تاک بە تاک هەوڵى دزەکردن بدەن".
 
وەزارەتى ناوخۆ عێراق کۆنترۆڵکردنى 80%ـی سنوورەکانى لە رێگەى بەربەستى کۆنکرێتى و کامێراى چاودێریى راگەیاند، سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گوتى "تاوەکو ناوچەى رەبیعەى لە موسڵ لەگەڵ سنوورى سووریا بە بەربەستى کۆنکرێتى کۆنترۆڵ کراوە." 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە