عێراق بڕیاریدا کەرەستەى بیناسازیى هاوردەکراو بپشکنێت

23-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى وەزاریى ئابووریى عێراق بڕیاریدا لە رێگەی کوالێتیى کۆنترۆڵ، پشکنینى پێشوەخت بۆ ئەو کەرەستە بیناسازییانە بکرێت کە لەلایەن کۆمپانیاکانى وەبەرهێنانەوە هاوردە دەکرێن.
 
ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکى ئەو ئەنجوومەنەدا بوو کە بە سەرۆکایەتیى فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە و جێگرى سەرۆکوەزیران کە ئەمڕۆ دووشەممە 22ى تەممووز کرا.
 
بەگوێرەى بڕیارەکە، ئەو پشکنینە پێشوەختە لە کوالێتیى کۆنترۆڵ بۆ ئەو کەرەستە بیناسازییانە دەکرێت کە لەلایەن کۆمپانیاکانى وەبەرهێنانەوە هاوردە دەکرێن، پشکنینەکەش لەلایەن ئەو کۆمپانیا جیهانییانەوە دەکرێت، کە دەزگاى ناوەندیى کوالێتیى کۆنترۆڵى عێراق گرێبەستى لەگەڵدا کردوون.
 
نموونەى هەڕەمەکى لەو کەرەستەى بیناسازییانە وەردەگرێت و دەپشکنرێن. هەردوو دەستەى دەروازە سنوورییەکان و گومرگ راسپێردران هاوئاهەنگى بکەن بۆ دانانى میکانیزمێک بۆ گەڕاندنەوەى ئەو کەرەستانەى بیناسازى کە هاوتاى تایبەتمەندییەکان نین و رێگە نەدرێت دزە بکەنە ناو بازاڕە نێوخۆییەکانى عێراق.
 
ئەنجوومەنى وەزاریى ئابوورى پێکدێت لە وەزیرانى دەرەوە، پلاندانان، دارایی، کشتوکاڵ، بازرگانى، پیشەسازى، پارێزگارى بانکى ناوەندى، سەرۆکى دەستەى کاغەزە داراییەکان، بریکارێکى وەزارەتى نەوت و هەردوو راوێژکارى سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارى ئابوورى و یاسایی.
 
ئەو ئەنجوومەنە بڕیاریدا راسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنى وەزیران بەرزبکاتەوە بۆ دواخستنى گومرگى تایبەت بە بەشە خۆراکى مانگانەى هاووڵاتییان، کە بەناوى وەزارەتى بازرگانییەوە هاوردە دەکرێن، وەکو پاڵپشتى بۆ ئاسایشى خۆراکى هاووڵاتییان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە